کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پارلمانی ڕێژیم: پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و تیرۆریزم، وەکوو پرسی ئەتۆمی نییە کە چاوپۆشی لێ بکەین

20:35 - 4 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: یەکێک لە نوێنەرانی پارلمانی ڕێژیم دەڵێت؛ ئەگەر هەرکام لە ئەندامانی ٥+١ بیانەوێ بە هەر بیانوویەک بریتی لە مافی مرۆڤ یان تیرۆریزم دۆخی گەمارۆمان بۆ بڕەخسێننەوە، واز لە بەرجام دەهێنین و وەلای دەنێین.

مەنسوور حەقیقەت‏پوور جێگری بەڕێوەبەری کومیسیونی تەناهیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی پارلمانی ڕێژیم لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی مێهردا، بە ئاماژەدان بە دەنگی ئەرێنیی ئامریکا و بریتانیا بە دوو بڕیارنامەی مافی مرۆڤی لە دژی ڕێژیمی ئێران لە کومیتەی مافی مرۆڤی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: کۆماری ئیسلامی هەرگیز لە پێناسەکردنی چەمکی تیرۆریزم و مافی مرۆڤدا، لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان ناگاتە تەبایی؛ بەڵام پرسی ناوکی، چوارچێوە و قەبارەی زانستییانە و کردەوەیی تایبەت بە خۆی هەیە کە لەسەر ئەو بنەمایانە دانووستان دەکەین.

ناوبراو جەختیشی کردەوە؛ لە پەسەندکراوی پارلمان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی بەرجامیشدا هاتووە کە ئەگەر بە هەر بیانوویەک بریتی لە مافی مرۆڤ یان تیرۆریزم، گەمارۆ بخرێتە سەر ئێران، ئەوە بەستێنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە دۆخی جارانمان و واز لە بەرجام بهێنین و وەلای بنێین.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەشدا عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەفەری بۆ ڤییەن کردووە، لە ڕێکەوتی سێی سەرماوەزدا، بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاندووە کە تاران چاوەڕوانە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ شەش هێزە جیهانییەکە تا سەرەتاکانی مانگی ژانوییە (دوو مانگی دیکە) بگاتە قۆناغی جێبەجێ کردن.

بە پیی ڕاپۆرتەکان، شورای بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، بڕیارە لە نێوەڕاستی مانگی دێسامبردا(سێ حەوتووی دێکە) بە مەبەستی دانووستان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەم ناوەندە لە پی ئێم دی( ڕەهەندەکانی ئەگەری نیزامی) و پرۆگرامی ناوکیی ئێران کۆبوونەوە بکەن.