
''ئێسترا ئێستیونسون'' نوێنەری پێشووی پارلمانی ئورووپا وتوویەتی: ''من بە فەرمی داواکاریم بۆ ئەفسەری فەرماندەیی پۆلیسی سکاتلەند ناردووە هەتا لە ڕێگای یاساوە تاوانی کۆمەڵکوژی و جینایەتە دژی مرۆڤایەتییەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی بەداوداچوونی بۆ بکات".
یاسای بیاڤی دادوەریی جیهانی ڕێگا بە دەوڵەتەکان دەدات کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی جینایەتاکان و ڕەگەزی تاوانبار، لە بارەی کەسی تاوانبار بڕیاری سزادان دەربکات.
''ئێسترا ئێستیونسون'' وتوویەتی لە ئێستادا دۆسییەکی ١١١ لاپەرەیی وێڕای ٥ کەس لە قوربانییانی ڕاستەوخۆ یان نزیکانی کەسانێک کە بە فەرمانی ئیبراهیم ڕەئیسی ئەشکەنجە دراون یان ئێعدام کراون خستووەتە بەردەست پۆلیسی سکاتلەند.
''پێشتریش ئەکنێس کالامارد'' بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتبووی: "ئیبراهیم ڕەئیسی بە جێگای ئەوەیکە لە بابەت جینایەتی دژی مرۆڤایەتی وەکوو کوشتن، بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، بووەتە سەرکۆمار کە وەبیرهێنەرەوەیەکی تاڵە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەم چەشنە تاوانبارانە دەپارێزێن".
ئیبراهیم ڕەئیسی یەكێک لە كەسە نزیكەكان لە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و خامنەیی چەندین جار لە پۆستی هەستیاردا دایناوە و یەکێک لە چوار ئەندامی کۆمیتەی ناسراو بە ''هەیئەتی مەرگ'' لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بووە.