کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی کوردی پارلمانی سوید خوازیاری هەڵوەشانەوەی کێبڕکێی تیمی میللیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران بوو

16:06 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ئامینە کاکە‌باوە، نوێنەری کوردی پارلمانی سوید سەر بە حیزبی چەپ، لە سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی سوید داوای هەڵوەشانەوەی کێبڕکێی نێوان تیمی میللیی سوید و ئێران دەکات.

بەپیی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی کێبڕکێی تۆپی پێی ئێران و سوید کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی مارسی ٢٠١٥ی زایینی بەڕێوە بچێت، ئامینە کاکە‌باوە، نوێنەری کوردی پارلمانی سوید لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی آفتون بلادت(Aftonbladet) بڵاو کراوەتەوە، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی کێبڕکێی نێوان تیمی میللی سوید و ئێران بوو.

کاکە‌باوە لە بابەتەکەی خۆیدا کە لەژێر ناوی کێبڕکێی لەگەڵ ئێران هەڵوەشێننەوە. ئەگەر لە ئێران ئەم کێبەڕکێیە بەڕێوە بچێت، ژنان مافی بەشدارییان نییە بڵاوی کردووەتەوە، جەختی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆف لە ئێران و بە تایبەت پیشێلکاریی مافی ژنان لەلایەن رێژیمی پاوانخواز کردووە و داوای لە سەرۆکی فێدراسیونی فووتباڵی سوید کردووە کە کێبڕکێی یانەی سوید لەگەل ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

10416.jpg
ئامینە کاکە‌باوە، نوێنەری کوردی پارلمانی سوید

ئەم نوێنەرە کوردەی پارلمانی سوید لە بابەتەکەی خۆیدا بە جەخت کردنەوە لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئیعدامی سامان نەسیم و زیندانیانی سیاسیی کورد و تیزاو پرژاندن بە سەر ژنان، نووسیویەتی: بەشێکی زۆر لە ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە ئازار و سەرکوت هەڵاتوون. هاوکات رێژیمی ئێران لەم جۆرە بەرنامانەدا بۆ باش نیشان‌دانی خۆی و قەبووڵاندنی خۆی لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەڵک وەردەگرێت.

ئامینە کاکە‌باوە لە درێژەی بابەتەکەیدا ناڕەزایەتی خۆی نیسبەت بە کێبڕکێی یانەی سوید لەگەڵ ئێران، ئاماژەی بە دۆسیەی غونچە قەوامی کردووە کە بە هۆی ناڕەزایەتی دەرىڕین نیسبەت بە قەدەغە بوونی ژنان لە ساڵۆنی یاریگا و چاولێکردن لە والیباڵی یانەی ئیران بە زیندان مەحکووم کرا، نووسیویەتی: لە کۆمەڵگای ئێراندا، لەژێر ناوی دیکتاتوری فاشیزمی ئاخوندەکان، بەشداریی ژنان لە ئیستادیۆمی وەرزشی کە پیاوان بەشدار دەبن قەدەغەیە. ئەم بارودۆخە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا درێژەی هەیە.

ئەم نوێنەرە کوردەی پارلمانی سوید، سەر بە حیزبی چەپ لە درێژەدا داوای کردووە کە هەر وەک فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی والیباڵ بە ئەندامانی خۆی پێشنیاری کردووە کە هەتا لابردنی قەدەغەکردنی ژنان بۆ ناو ساڵۆنی یاریگاکان لە ئێران لەگەڵ یانەی ئەم وڵاتە کێبڕکێی ئەنجام نەدەن، فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێش ئێران پەراوێز بخات و کێبڕکێیە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، چەند رۆژ پێشتریش، سێپ بلاتێر، سەرۆکی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێی (فیفا)، لە بابەتێکدا کە بۆ گوڤاری حەوتوانەی فیفا نووسیویەتی، جەختی کردووەتەوە کە قەدەغە بوونی ژنان لە ساڵۆنی یاریگاکام لە ئێران قەبووڵ ناکردرێت و لە داوای رێژیمی ئێران کردووە کە کۆتایی بە قەدەغە بوونی بەشداریی ژنان لە ئیستادیۆمی وەرزشی بهێنێت.

رۆژی رابردوویش، ئێران بە هۆی قەدەغە بوونی بەشداریی ژنان لە یاریگاکان ، خانەخوێی کێبرکێی جامی نەتەوەکانی ئاسیای ٢٠١٩ی زایینی لە دەست دا.

پێشتریش بەهۆی قەدەغە‌بوونی بەشداریی ژنان وەک بینەر لە ئیستادیۆمەکان بۆ چاو لێکردنی والیباڵ، فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی والیباڵیش ژمارەیەکی زۆری لە کێبڕکێ جیهانییەکانیکە بڕیار بوو لە ئێران بەڕوەبچنی هەڵوەشاندەوە و ئیمتیازی خانەخوێی لە ئێران وەرگرتووەتەوە.

ئاویەر.ت