کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان

12:53 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، دوای شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان، وێڕای ناردنی پەیامی هاوخەمی، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی ئەو شەهیدانە نوێ کردەوە، کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێگە و ڕێبازیان دەبن.

دەقی ئەم پەیامانە بەم چەشنەیە:

پیرانشار

"ڕۆحی پاک و بێگەردی شەهیدانمان هەڵدەمژین و دەیانکەین به نەسیمی ئازادی بۆ دواڕوژی نیشتمان"

هه واڵی هه ڵمەت و خۆڕاگری شێرانەی ڕۆڵه گیان له سەردەستەکانمان له دوایین تێکهەڵچوون له کێلەشینەوه پێگەیشت، ئێوه قارەمانانی ڕاستەقینەی مێژووی کوردستانن ...

شەهیدبوونی پۆلێک له پێشمەرگه خۆشەویستەکانی شاخ و شار که داستانی قارەمانەتی و خۆنەویستی ئەوان له نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی داوەتەوه، بۆته مایەی فەخر و شانازی بۆ حیزبه مەزنەکەمان و گشت خەڵکی کوردستان...

هەر بۆیه هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بەڕێز لێپرسراوی گشتی و هەموو ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و پێشمەرگه قارەمانەکانی ناو سەنگەری خەبات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و به تایبه ت بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدانی تازەمان دەکەین و جارێکی دیکه پەیمان نوێ دەکەینەوه که درێژەدەری ڕێبازی شەهیدانمان بین و تۆڵەی ڕۆڵەکانمان له ڕێژیمی پەت و سێداره بکەینەوه ...سەرکەوێ ڕاسان

دزەی مەرگەوەڕ

سڵاوێک بە گەرمی خاکی کوردستان کە دووبارە پێشمەرگەی لە ئامێز گرت و بە خوێنیان، خۆی لە جاران جوانتر دەڕازێنێتەوە تا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شەوقمان زیاتر بێت و ببێتە چقڵی چاوی نەیارانی کوردستان.

ئێمە ئەندامان و لایەنگران و لاوانی دزەی مەرگەوەڕ ئاگاداربووینەوە کە شەش چەپکە گوڵی سوورمان تەحویلی بارەگای ئازادی داوە .

بۆیە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو کادرو پێشمەرگەکانی ئەو شەهیدانە دەکەین و خۆمان هاوخەمی بنەماڵەکانیان دەزانین.

دووبارە ڕووی قسەمان لە جاش و نەیارانی کوردستانە کە بە باشی دەبێ بزانن ئێمە دەمرین بەڵام بەچوکدا نایێین .

کۆماری کوردستان دامەزرا و بەدەستی نەمر قازی محەمەد بەڕێوەچوو بەڵام دواتر لە گەڵ هاوڕێیانی ئێعدام کرا و کۆمار لەناو چوو بەڵام کورد هەر ماوە.

دواتر حەزرەتی نەمر دوکتورعەبدولڕەحمانی قاسملوو، بوو بە درێژەدەری ڕێگای قازی محەممەدی نەمر بەڵام دواتر دوکتوریش لە گەڵ هاورێیانی تیرۆر کرا بەڵام کورد هەرماوە،  پاشان دوکتور سەعیدی هەمیشە زیندوو لە گەڵ پێشمەرگەکان بوونە درێژەدەری ڕێگای ئەم شەهیدانە بەڵام دووبارە دوکتور سەعیدیش تێرور کرا، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو هەموو پێشمەرگە و ئەو سێ ڕێبەرەمان لەدەست دا درێژەدەرانی ڕێگایان کە هەمان ڕۆڵەکانی کوردن هەر ماون.

دواتر پێشمەرگەکانمان بە  شێوازی جۆراوجۆر تیرۆر کران بەڵام ئەوەی کە مایەوە هەر کورد بوو .

ڕاسان دەستیپێکرد، لە قەرەسەقەل چەخماخە لێدرا، لە کۆساڵان گەشەی کرد و تا ئێستا زیاتر گەشە دەکات و گەشتریش دەبێتەوە چون کورد هەرماوە و تا کوردێک بمێنیت گەشتر دەبێت تاکوو ئازادی بەدەست بێنین.

باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە و ئێمە سوێند دەخۆین کە تا دوایین هەناسە ڕێبازیان بەرنەدەین تا دەگەینە ئامانجمان کە هەمان ئازادی کوردستانە.

کاروانی شەهیدانمان درێژە ڕەنگە لەوش درێژتر بێ

سەرکەوتن بۆ پێشمەرگە و کوردستان، مەرگ و نەمان بۆ جاش و نەیارانی کوردستان

ئەندامان و لایەنگران و لاوانی دزەی مەرگەوەڕ

بژی پێشمەرگە، بژی راسان، بژی حدکا

گوندی نییەر

دیسان کێلەشین، دیسان کوردستان و دیسان حیزبە پێشەنگەکەی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، دیسان ڕۆڵەکانی نحۆ و سمایل ئاغای شکاک حەماسەیان خوڵقاند و گڕ و تینیان دا به شاخ و بەردی کوردستان و داری ئازادییان ئاودێر کرد. دیسان شنۆی سەربەرز، بەرزتر لە قامەتی هەڵگورد و کێلەشین و تەرەغە و بەیان و ئاربابا و شا‌هۆ و نەکەرۆز و کوڕی مریەم و مێرگەواری مەکۆی شۆڕەسوارانی مێنبەری خۆی نواند و بوو بە سەنگەری بەهێز و لەگیران نەهاتووی کوردستان. بەڵێ ئەمجارەش پۆلێ کۆتری ئازادی لە شەقەی باڵیان دا تا بە بزەی پێکەنینیانەوە دەرسی ئازایەتی و ئازادی بۆ نەوەکانی داهاتوو بڵێنەوە و وانەی سەرزاری مامۆستایانی مێژوو بن. بەڵێ ئەم جارەش کوردستان لە بەرانبەر داگیرکەراندا قامەتی وەکوو قەندیل بەرز بوویەوە، دە ڕۆحتان شاد، ڕێگاتان پڕ ڕێبوار بێ ڕۆڵەکانی مەکتەبی ئازایەتی و سەربەرزیی دێموکراتی هەمیشە سەربەرز. پڕ بە دڵ بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی بە هەزار جار بریندارەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی حیزبە خۆشەویستەکەمان و سەرجەم خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی نوێی شنۆی سەربەرز دەکەین و خۆمان بە شەریک و خاوەنی خەمیان دەزانین.

ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی نیەر، قەڵای هەمیشه دێموکرات

سەقز

بەڕێز لێپرسراوی گشتی

ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ناوەندی سیاسی ، کادر و پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە لە شەڕێکی نابەرانبەر و خوێناویدا شەش پێشمەرگەی قارەمانی شاخ و شاری حیزبەکەمان لە شاخەکانی شنۆ تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوون  لە شاری سەقزی  هەمیشە دیمۆکراتەوە سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاک و بەرزە فڕیان . سەرەخۆشی لە هەموو لایەک دەکەین و هیوای سەبووری بۆ بنەماڵە بەڕێزەکانیان دەخوازین . هەر بەم بۆنەوە بەڵێن دەدەین هەتا دواپشووی ژیانمان بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار بمێنینەوە و چالاکیەکانمان بۆ ڕووخانی کۆماری ترۆریستی ئیسلامی ئێران بەربڵاوتر و چڕتر بکەینەوە .

بڕووخێ ڕێژیمی داعشی کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرکەوێ خەباتی میللی دیمۆکراتیکی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران

گوندی شیان

ئێمه ئەندامان ولایەنگران حیزبی دیمۆکراتى کوردستانی ئێران له گوندی شیان، پرسه و سەرەخۆشی خۆمان به بۆنەی شەهید بوونی شەهیدانی نوێی ڕاسان ئاراستەی هەموو خەڵکی کوردستان ئەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا دواهەناسەمان درێژەدەری ڕێگايانين.

نەغەدە

بە فەرموودەی شەهید کاک دوکتور: گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا.

 ئێوە ئەو شێرەکوڕە ڕووسوورانە بوون، کە پێشەنگایەتی دانی ئەو نرخەتان وە ئەستۆ گرتووە بۆ گەیشتن بە ڕووناکی.

 ڕۆحی ئێوە شاد بێ کە ئیزنتان نەدا، بە خۆوەدەستدانتان، کەمتیارەکانی چڵکاو خۆر، ڕۆحی سەرکەشتان لە تاریکخانەکانی خۆێنمژی کۆماری پەت و سێدارە، دەستەمۆ بکەن. سەلماندتان بە بەرد و سندە گلیش بێ، خاک نافرۆشن و بۆ خاک دەمرن و ورە بەخشن بۆ ئێمەو هەواڵانتان.

 دەستان بخەنە باوەشی دایکی نیشتمان و تا ژوانگەی سەربەستی میوانی خاک بن و دڵنیا بن تۆڵەتان دەکرێتەوە.

بەدڵنیاییەوە ڕێگاتان درێژەی هەیە، تا ئەوکاتەی کوردستان و دایکی نیشتمان ڕزگار دەبێ و شەرەفی لە ئامێزگرتنی تەرمی هەمیشە زیندووتان لە کوردستانێکی سەربەست و سەربەرز، بە نەسیبمان دەبێ.

وەک ئەندامانی دێموکرات، لە ناوخۆی  ڕۆژهەڵات و بەناوی دۆستان و خەڵکی کوردپەروەری ناوچەی سندووس، بە تایبەت دانیشتووانی شاری نەغەدەی کوردپەروەر، بە بۆنەی شەهید بوونی هەواڵانمان لە ناوچەی شنۆ، پرسەو سەرخۆشی خۆمان، ئاراستەی بنەماڵەی هەمیشە سەربەرزی شەهیدان و حیزبی دێموکرات و هەروەها هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی ئەو خۆشەویستە خۆنەویستانە دەکەین.

هەروەها چاوەڕوانین دێموکرات و فەرماندەیی گشتی بە زووترین کات لە قاڵبی دەرکەوێ و زەبری کوشەندە لە ئێران و خائینانی خاک فرۆش بدات.

ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی دێموکرات لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات

تەنگیسەر

پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی تازەی گەلەکەمان دەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە تا دوایین قەترەی خوێنمان لە شۆڕش و خەباتی کوردستان دەس هەڵنەگرین و گیانمان فیدای ئەم خاکە پیرۆزە بکەین.

هاوڕێیانی ڕاسانی شاخ دڵنیا بن ئێمە لە شارەوە پاڵپشتی ڕاسانین و تۆڵەی ئەو شەهیدانە دەسێنینەوە.

چاوەڕێی فەرمانین بۆ تۆڵەسەندنەوە

سەرۆک هیجری فەرمان لە تۆ گیان لە ئێمە

یان نەمان یان سەرکەوتن

پێشمەرگەکانی شار

مەهاباد ـ ناوچەی شاروێران

دڵـنیام سەردەکەوین

گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا

بە داخەوە هەواڵی شەهید بوونی پۆلێک لە هاوڕێ و ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمانمان پێ گەیشت، ئێمە وەکوو ئەندامانی حدکا لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و هەروەها هەموو ئەندام و سەرکردایەتی حیزب دەکەین.

گەلێک بیهەوێ زیندوو بمێنێتەوە دەبێ خەبات و تێکۆشان بکا، هیچ خەبات و شۆڕشێک بە بێ خوێن و بە بێ بەخشینی ڕۆڵە قارەمانەکانی خۆی بە ئاکام ناگا، گەلی کوردیش و حیزبی ئێمەش لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا هەمیشە ئامادەیە خوێن بدا و لە پێناو گەیشتن بە ئاواتەکانی لە گیانی خۆی نرخ دابنێ.

بۆیە دڵنیام بە شەهید بوونی ڕۆڵە قارەمانەکانی ئەم گەلە خەباتی ئێمە ناپسێتەوە، هەر قەترە خوێنێکی شەهیدەکانمان دەبێتە دەریا و شەپۆل دەگرێ و بە گژ داگیرکەرانی خاک و نیشتماندا دەچێتەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەم شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل، سەرکەوێ خەباتی گەلەکەمان، ڕێگایان پڕ ڕێبوار

پاوە

پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی حیزب و بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرزی ڕاسان دەکەین.  ڕێگەیان پڕ لە ڕێبوار.

هەواڵی شەهیدبوونیان ئێمەی تاساند بەڵام بە گریان دوژمن شاد ناکەین و پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە.