کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆژەنکردنەوەی بورجەکی پادگانەکانی شنۆ و ڕاسپاردنیان بە جاشەکان

12:26 - 3 گەلاوێژ 2720

سپای پاسداران لە شنۆ، هەوڵی نۆژەنکردنەوەی بورجەکی پادگانەکانی ئەو شارە دەدات، هەروەها ئەرکی نیگەهبانیدان لەو بورجەکانەشی بە جاشەکان سپاردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنۆ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: "لە سیاسەتێکی نوێدا سپای پاسداران ئەرکی نیگەهبانی لە بورجەکی پادگانەکانی بە جاشەکان ڕاسپاردووە و ئیزنی نیگەهبانیدان لەو بورجەکانە بە سەربازەکان نادات".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، سەرەڕای نۆژەنکردنەوە و بەرزترکردنی بورجەکان، "تێلدڕوو"شیان بە دەوری بورجەکاندا کێشاوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی پادگانەکانی شاری شنۆ، ئیزنی نیگەهبانی بە سەربازەکان لەو بورجەکانە بە شەودا نادەن و بە ڕۆژیشدا، سەربازێک و جاشێک پێکەوە نیگەهبانی دەدەن.

 ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەم هەوڵە سیاسەتی نوێی سپای پاسدارانە کە لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێک، جاشەکان دەسڕێژی لە دانیشتووانی ئەو شارە بکەن".