کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزامی ئێران تووشی گەندەڵی بووە

10:58 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە لە شۆڕشی ٥٧ـەوە تاکوو ئێستا ئێران هیچ کێشە و کەمایەسییەکی نەبووە، بەڵکوو ئەو کێشە سەرەکییەی کە هەیە کێشەی گەندەڵییە.

موجتبی زولنوور، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: کە لە شۆڕشی ٥٧ـەوە تاکوو ئێستا ئێران هیچ کێشە و کەمایەسییەکی نەبووە، بەڵکوو ئەو کێشە سەرەکییەی کە هەیە، کێشەی گەندەڵییە.

ئەم نوێنەرەی ڕێژیم جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە گەندەڵی لە هەر دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازی ڕێژیمدا بوونی هەیە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "نابێ پێمان وابێ کە لە ڕوانگەی خەڵکەوە گرووپێک باشن و گرووپێک خراپ، خەڵک دەڵێن ئەمانە هەموویان وەکوو یەکن."

زولنوور پیشنیاری کردووە کە سامانی هەموو بەرپرسانی حکوومەتی و لەوانەش ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و هەروەها هەموو خەڵکی ئێران تۆمار بکرێت.

ڕەخنەگرتنی بەرپرسانی ڕێژیم لە گەندەڵییەک کە نێو سیستمەکەیاندا هەیە شتێکی تازە نییە، پێشتریش هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و کارناسەکان باسیان لەو گەندەڵییە سیستماتیکە و پشتیوانیکردنی هەندێک لە بەرپرسان لەم گەندەڵییانە کردبوو .