کوردستان میدیا

هەینی 22ی خاکەلێوه 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشانەکانی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی زیاتر دەرکەوتوون!

16:21 - 16 رێبەندان 2719

محەممەد سلێمانی

ئاڵوگۆرە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەتەواوی بە زیانی حکوومەتی ئاخوندی شکاوەتەوە و هەرچەند تاران لە لای خۆیەوە هەڕەشە لە ئامریکا و نەیارەکانی تری دەکات کە توانای وەشاندنی زلـلەی گەورەی هەیە و دەتوانێ ڕووبەڕووی دژبەرەکانی بێتەوە و لەسەر ڕێگایان بە هێزی سەربازی لا بدات.  

دیارە ئەو قسانەی کاربەدەستانی تاران زیاتر داماوی و تەریک کەوتنەوەیان لە کۆمەڵگای جیهانی دەخاتە ڕوو و ئەو چەند وڵاتەی کە زۆریان هیوا لەسەر هەڵچنیبوون و بە یار و پشتیوانی گەورەی خۆیان دەزانی لە ئەگەری بارگرژییەکاندا،  وەک رووسیە و چین، لە کاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاراندا، زۆر ژیرانە و بە خشکە خۆیان لە ڕێژیمی تاران بەدوور گرت و کاردانەوەیەکیان نەبوو کە دڵی تاران ئاسوودە بکات.

ئەوەی زۆر جار دەوترا، حکوومەتی ئاخوندی لە دوا پەلەقاژەکانی ژیانی خۆیدایە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی مانەوەیان دەدەن، بەتەواوی نیشانەکانی کۆتایی تەمەنیان دەردەخات و زۆر نابات، گۆڕانێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی بەسەر ئێراندا دێ و کوردیش وەک نەتەوەیەکی وشیار و بەتەواوی لە مەیداندا، سوودمەندی یەکەمی وەرچەرخانەکان دەبێ و بە سانایی کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

کاربەدەستانی ڕێژیم هەر یەکە و بە شێوازی خۆی سەبارەت بە گوشارەکانی سەر ئێران دەدوێن و ڕوانینی نامۆ و دژ بە یەکیان بەردەوام  دەخەنەڕوو و ئەوەی بەتەواوی  کاربەدەستانی ڕێژیمی لەسەر کۆک و لێک گرێداونەتەوە، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ئەو وڵاتەیە لە ئامریکا و دژبەرەکانی تری ناوچە.

 ئورووپا بەتەواوی پشتیوانی هەنگاوە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی واشنگتۆن دەکات و لەسەر ئاستی ناوچەیشدا هاوپەیمانەکانی ئامریکا زیاتر لە جاران خۆیان بە دژی حکوومەتی ئاخوندی ڕێکخستووە و گوێ ڕایەڵیی ئامریکا دەکەن و بە هاوبەشی هەوڵی تەریک کردنەوە و پەراوێزخستنی تاران دەدەن.

ئەو وڵاتانەی کە تا دوێنێ لەسەر ئێران دژایەتیی ئامریکایان دەکرد و دەم بەردووکەیان لەگەڵ واشنگتۆن دەکرد، پاش هەڕەشەکانی خامنەیی و ڕووحانی لە وڵاتانی فەرانسە و ئاڵمان و بریتانیا، سیاسەتی دەرەوەی بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانە لە هەمبەر تاراندا گۆڕا و ئێستا بەو ئاکامەی گەیشتوون کە حکوومەتی ئێران بەتەنیا مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی ناوچە، بەڵکوو بە سەرچاوەی هەڕەشە و فیتنەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دەزانن. هەر لە بەر ئەو هۆکارەشە ئێستا هەوڵ دەدەن وێڕای هێزەکانی ئامریکا، لەسەر سنوورە ئاوییەکانی نزێک لە ئێران چاودەدێری و کۆنترۆڵی زیاتری جووڵەی ‌تاران بکەن و لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەییان دابین بکەن و بە هاوبەشی لەگەڵ دۆستە دیڕین و ستراتیژییەکانیان بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن.

ئەگەر تۆزێک بە قووڵی سەیری ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەو چەند مانگەی دوایی بکەین، ڕەنگە ئەوکات باشتر لە جەوهەری هەستیاری بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بارگرژییەکانی واشنگتۆن و تاران بگەین. ئامریکا سەبارەت بە ئێران بە تەواوی سیاسەتی خۆی گۆڕیوە و ئەگەر هێندێک جار نەرمی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بەدی دەکرێت لە پەیوەندی لەگەڵ تاراندا، بێگومان زیاتر ئەو بابەتە دەچێتە خانەی تاکتیکی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا.

ئەگینا کۆشکی سپی و سیاسییە بەئەزموونەکانی ئەو وڵاتە، بەو ئاکامەی گەیشتوون کە حکوومەتی تاران بووەتە سەرچاوەی مەترسی و نانەوەی ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکەدا و دەبێ بە هێز بەرگری لە باڵادەستییەکانی بکرێت و هەتا لەسەر ئاستی نێوخۆشدا ڕێگری لە سیاسەتی ستەمکارانەی  بکرێت.

بە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیم، بەدڵنیایەوە هاوسەنگیی هێز بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ئامریکا و دۆستەکانیدا گٶڕانی بەسەردا هاتووە. حکوومەتی ئێران و باڵی سەربازیی ڕێژیمی ئاخوندی هەراوهوریایەکی زۆریان نایەوە و لە لای خۆیانەوە کەوتنە هەڕەشەکردن و تۆڵەکردنەوە لە هێزە ئامریکایەکان. بە تێگرتنی چەند مووشەکێک بە هێزەکانی ئامریکا جێگر لە عێراق، تەپوتۆزی ڕاگەیاندن و دەنگ بەرزکردنەوەیان بەسەر نەیارەکانیاندا بە تەواوی کۆتایی پێ هات و ئێستاش جار بە جار لەسەر ئەو شێوازە ترسەنۆکانەیان دەڕۆنە بەرەوە، بێ ئەوەی بوێریی ئەوەیان هەبێت دەستیان بەرزبکەنەوە.

نیشانەکانی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی تا دێ باشتر دەردەکەوێ و زەمینەی شیاوتری داڕمانی بەسەر یەکدای بۆ دەرەخسێ، بەهۆی گوشارە نێوخۆیی و  نێودەوڵەتییەکانەوە۰

گەلانی وڵات  بەتەواوی کەوتوونەتە دژایەتیی ئەو ڕیژیمە و ئازادی و ژیانێکی شایستە و ئابوورییەکی ئەوتۆیان دەوێت کە بتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خەڵک بەگشتی و بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی دابین بکات و دەرفەتی ژیانێکی ئاسوودە و سەردەمیانە بۆ گەلانی ئێران بڕەخسێ و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ببووژێنەوە.

لە یاسای حکوومەتی ئاخوندیدا هیچکام لەو خواست و ئارەزووانەی خەڵک بەدی نەهاتووە و بە دوای خۆپیشاندان و بێزاری دەربڕینی گەلانی وڵات لەسەر شێوەی ئەدای حوکمڕانیی دەسەڵاتی ستەمکارانەیان، جەوێکی بەتەواوی ئەمنییەتی و پۆلیسی بەسەر بەشێک لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا فەرز کراوە.

لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە سروشتێکی بە تەواوی سیاسی و نەتەوەیی تایبەتی هەیە، وەختێک ئازادی و مافە دێموکراتیک و نەتەوایەتییەکان بەدی دێن کە حکوومەتی تاران داڕمابێ و دەسەڵاتێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی ویستی فرەنەتەوەیی گەلانی وڵات بێت، لەو وڵاتەدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.

گەلانی پێکهێنەری ئێران ئازادییەکیان دەوێت کە دەرفەتی بەشداری لە حوکمڕانی وڵاتیان بەتەواوی بۆ زامن بکات و مافی نەتەوایەتیی گەلان بە گوێرەی دەستووری وڵات بۆ هەموو نەتەوەکان لە بەرچاو بگیرێت و بۆ جارێکی تر غەدری سیاسی و مێژوویی لە نەتەوەکانی وڵات نەکرێتەوە.

لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە بنەماکانی دیاریکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلانی وڵات لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بێت و بە جۆرێک دەستوور ڕێکبخرێ، هەر کاتێک یەکێک لە نەتەوەکان بڕیاری جیابوونەوەی خۆی بدات، لەگەڵ دژایەتی و توندوتیژیی سیاسی و سەربازیی نێوخۆیی  بەرەوڕوو نەبێتەوە. چوونکی سروستی پێک اتەی سیاسی و نەتەوایەتیی ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە داهاتووی وڵاتدا بەتەواوی دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵە گرینگ و جەوهەرییە بکرێت تا لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی هەموو لایەک پارێزراو بێت.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ڕۆڵی گەورەی لەنێو بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتیی گەلی کورددا لەسەر شان بووە، زۆر ژیرانە لەو پەیوەندییەدا هەڵویستی خۆی دربڕێوە و ئەو مەسەلەیە بەشێکی گرینگی لە بەرنامەی سیاسی حیزب بۆ تەرخانکراوە و سیاسەتی حیزب لە هەمبەر داهاتووی سیاسیدا بەتەواوی ڕوون کراوەتەوە.  

وڵاتی ئێران بە تەنیا خاکی فارس یان نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوەکان خاوەن خاک و سنووری نەتەوەیین و دەکرێ ئەو باسە لە داهاتووی سیاسی و سازانی نیشتمانی وڵاتدا بەتەواوی ڕەچاو بکرێت.

هەتا دێت گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا، کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی تاران دەردەکەوێت و ئەگەر ڕووداوەکان بەو جۆرە درێژەیان هەبێت، بێگومان حکوومەتی ناوەندی هێزی کۆنترۆڵکردنی ئەوتۆی نامێنێ و ئەو کات گەلانی بێزار لە حکوومەتی ئاخوندی زیاتر دێنە مەیدان و دەرفەتی ڕووخانی حکوومەت زەمینەی شیاوتری بۆ پێک دێت لە ئێراندا.

ئەو وڵاتانەی کە پێشینەی دیکتاتۆرییان هەبوو، لەسەر ئاستی ناوچەییدا و لە زەبروزەنگ و لەنێوبردنی ئازادیخوازانی گەلانی وڵاتەکەیاندا بە هیچ جۆرێک شانیان لە شانی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران نەداوە و ئەو ڕێژیمە وڵاتی کردووەتە بەندیخانە و کۆمەڵکوژی بە دژی گەلانی ئێران بەڕێوە بردووە. بەشێکیان بە تەواوی تێک ڕووخان و شوێنەوارێک لە حوکمڕانییان نەماوە و بێگومان داهاتووی ڕێژیمی تاران هەر بەو جۆرە کۆتایی دێ و ئەو ڕۆژە دێ گەلانی ئێران بە ڕێگای دادگا و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا،  سزای توندی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بدرێت بەهۆی کردەوەی کۆمەڵکۆژی و زەبروزەنگی لەڕادەبەدەریان بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی گەلانی وڵات.  

ڕێژیمی تاران لە ئێستادا بە تەنیا نیگەرانی تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و سەربازی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەییدا نییە، بگرە مەترسیی ئەوەشیان هەیە هێزە چەکدارەکانیان لە سەنگەری خەڵکدا، سێرە لە خۆیان بگرن.

چوونکی لە کاتی تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازیی وڵاتدا، هێزە چەکدارەکانیش لەژێر هەژموونی حکوومەتدا نامێنن و ڕیزی خۆیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی حاکم بەسەر ئێراندا جیا دەکەنەوە و پشتیوانی لە دەنگی ئازادی و دادپەروەری دەکەن.

حکوومەتی ئاخوندی هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بۆ حکوومەت بەدەست بێنێتەوە، بەڵام گەلانی ئێران ئەوەندەیان چەرمەسەری و نادادپەروەری سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە سایەی ئەو ڕێژیمەدا بینیوە، هەرگیز بۆ جارێکی تر شوێن قەول و بەڵێنییەکانیان ناکەونەوە و زۆر مووکوورن لەسەر ڕووخاندنی و لایەنگری گۆڕانی بنەڕەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا دەکەن.

ئامریکا بە زمانێک پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکات و لە لایەکی دیکەش هەوڵەکانی زیاتر چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی گوشاری  توندتری  سیاسی و سەربازی و ئابووری بخاتە  سەر تاران و لەژێر کاریگەریی ئەو پاڵەپەشتۆیەیەدا، شادەمارەکانی بەتەواوی بەرەو لاوازی و لەکارکەوتن بەرێت.

جگە لە فشارەکانی کە لەسەرەوە ناوبراون، کۆدەنگییەکی کاریگەرتری ناوچەیی بە دژی پێگەی ڕێژیمی تاران دەبینرێ و بێگومان ئەو بابەتەش دەتوانێ کاریگەریی لەسەر لاق خڕکردنەوەی تاران هەبێت.

حکوومەتی ئێران بەتەواوی لەگەڵ قەیرانە جۆر بە جۆرەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و دروشمی خەڵک ئەوەیە کە دەسەڵاتداران واز لە کاری سیاسی بێنن و وڵات بەجێ بێڵن. ڕێژیمی تاران هەوڵی زۆری دا کوژرانی قاسم سلێمانی وەک بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتیوانیی گەلانی وڵات بەکار بێنێ. هەر بەو دەلیلەش شار بە شار تەرمەکەیان گەڕاند و هەر وەک بینیمان خۆپیشاندەران ئەوەندە لەو ڕێژیمە و کردارەکانی بێزارن، تەنانەت وێنەکانی ئەو گەورە تیرۆریستەشیان لە دار و دیوارەکان  کردەوە.

گەلانی وڵات ڕووخانی ڕێژیمیان کردووەتە شوعاری ڕۆژیان و بە پێچەوانەی حکوومەتی ئاخوندی، خەڵک و گەلانی ئێران جگە لە ڕێز و خۆشەویستی بۆ ئامریکایان نییە. دەرکەوت کە ئەوەی شوعاری بمرێ ئامریکا دەڵێن، شوێنکەوتووانی دەسەڵاتی ئاخوندین و گەلانی وڵات لەو دژایەتییە بە تەواوی بێبەرین.

بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی کاربەدەستانی وڵات بەتەواوی کەوتووەتە ژێر گوشار و هەست بە دوو بەرەکیی زۆر دەکرێت لەنێو کاربەدەستانی نیزامی حاکم بەسەر چارەنووسی سیاسی و نەتەوەی گەلانی وڵاتدا.

ئێران هەوڵی زۆر دەدات تۆزێک شانیان لەژێر گوشاری ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێو دەوڵەتیانکاندا ڕاست بکاتەوە، کەچی بەو دوایانە پێکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی هاتە سەر و ڕووداوی پێکانی ئەو فڕۆکەیە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی تاران، هێندەی تری شەقامی وڵاتی لە خۆی دەهری کردەوە.

حکوومەتی ئێران دەسەڵاتێکی چاوچنۆک و مرۆڤ کوژە و دژی ئازادییەکان دەوەستێ و ئەوەی ئێستا بەسەریان دێ، بەدڵنیاییەوە هۆی خراپ جووڵانەوەی خۆیان بووە لە ماوەی تەمەنی حوکمڕانییان بەسەر گەلانی وڵاتدا.

هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لازمە سەبارەت بە داهاتووی وڵات و پاش ڕووخانی ڕێژیمی تاران، بە جۆرێک ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردیان گەڵاڵە و ڕێک خستبێت کە کورد وەک گەلێکی دیاری نێو بزووتنەوەی سیاسیی ئێران و کوردستان بەتەواوی بە مافەکانی بگات. چوونکی ئەگەر لە ئێستاوە ئەوە نەکرێ، بەدڵنیایەوە لە کاتی ڕوودانی بارگرژی و تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و سەربازیدا، کورد بە کۆی دەسکەوتەکانی ناگات و ئەگەری ئەوە هەیە بە ڕێگای کایە و گەمەی نوێی سیاسی و نێودەوڵەتیدا کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن ببرێنەوە و پینە بە شڕەی بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.