کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نیکی هێلی": ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ئێران چاوەڕوانی چرا سەوزی ئامریکا نەبێت

11:52 - 17 خەزەڵوەر 2721

''نیکی هێلی'' نوێنەری پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی بە ئیسرائیل دا کە بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران پشت بە ئامریکا نەبەستێت.

"هیلی" وتوویەتی: ''ئەگەر ئیسرائیل بەو ئاکامە بگات کە ئەمنییەتەکەی بە نەمانی هەڕەشەی ناوکیی ئێران گرێی دراوە، نابێ چاوڕوانی چرا سەوزی ئامریکا بێت.

ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لە کۆمیتەی پەیوەندیی گشتی ئیسرائیل و ئامریکا (ئیپێک) گرتووە و وتوویەتی، لەوە تێ ناگات کە ئەو کۆمیتەیە بۆچی هیندێک لە سیاسەتوانانی ئامریکایی کە پشتیوانیی لە بەرجام دەکەن بۆ وتارلێدان بانگهێشت دەکات.

''نیکی هێلی'' ڕوو بە ڕێبەرانی ئیپێک وتوویەتی: ''کۆتایی بەوە بێنین کە پاداش بە کردار و هەڵسوکەوتی خراپ بدەن. چونکە ئەو کارە کردارە خراپەکان پەرە پێدەدات".

نوێنەری پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە ئەگەر سیاسەتوانێک لە ڕێککەوتنی کارەساتباری ناوکیی لەگەڵ ئێران پشتیوانی دەکات یان  دژی ڕاگواستنی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ ئورشەلیم بووە، گرووپێکی لایەنگریی ئیسرائیل نابێ هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ وەها کەسێک هەبێت.