کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''نیۆیۆرک تایمز": کەسی دووەمی ئەلقاعیدە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران کوژراوە

13:18 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' لە زاری بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئامریکا بڵاوی کردووتەوە، کەسی دووەمی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کە یەکێک لە داڕێژەرانی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئافریقا بووە، سێ مانگ لەمەو پێش لە شەقامی پاسدارانی تاران لەلایەن مەئمورانی ئیسرائیل بە ڕاسپێردراویی ئامریکا کوژراوە.

''نیۆیۆرک تایمز'' لەبارەی وردەکارییەکانی ئەم هەواڵە لە زاری بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئامریکا نووسیویەتی کە ڕێکەوتی ٧ مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٠، ''عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا'' ناسراو بە ''ئەبو محەممەد ئەلمیسری'' لەگەڵ کوڕی ''بێن لادێن'' بە زەربی گولـلە لەلایەن دوو ماتۆڕسوار کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا بووە، کوژراوە.

هەروەها ناوبراو کچێکی بە ناوی ''مریەم'' کە هاوسەری ''حەمزە بێن لادن" بووە، لەو عەمەلیاتەدا کوژراون.

هەتا ئێستا ڕێکخراوی ئەلقاعیدە هەواڵی کوژرانی ''عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا''ی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران بەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، ئیدعای ئەو تێرۆرە و هەروەها هەرچەشنە حوزووری ئەندامانی ئەم گرووپەی لە ئێران ڕەت کردەوە.

''عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا'' کەسی دووەمی گرووپی ئەلقاعیدە کە تەمەنی ٥٨ ساڵ و یەکێک لە ڕێبەرانی دامەزرێنەری ئەم گرووپە تێرۆریستییە بە ئەژمار دەهات و دوای ''ئیمەن زەواهێری''، ڕێبەریی ئەو گرووپەی لە ئەستۆ بووە.

ناوبراو لەمێژە لە لیستی ئەو تێرۆریستانەدا بوو کە لەلایەن ئیدارەی لێکۆڵینەوەی فێدراڵی ئامریکا بە شوێنیەوە بوون.  

ئامریکا تۆمەتی تەقینەوەی باڵویزخانەی وڵاتەکەی لە کینیا و تانزانیا کە بوو بەهۆی کوژرانی ٢٢٤ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە خستووەتە سەر شانی ئەو ڕێبەرەی ئەلقاعیدە.