کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو جارێکی تر و بەجیددی هەڕەشەی لە حیزبوڵا کرد

12:19 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پاش دۆزینەوەی توونێلێکی دیکەی حیزبوڵا کە لە لوبنانەوە بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل کێشرابوو، نێتانیاهوو بەجیددی هەڕەشەی لەم گرووپەی سەر بە ئێران کرد.

لەدوای دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوە و لەنێوبردنی توونێلە ژێرزەوینییەکانی حیزبوڵا، کە لە ٤ی دێسامبرەوە دەستی پێکرد، سێهەم توونێل دۆزرایەوە کە لە لوبنانەوە بۆ سەر سنوورەکانی ئیسرائیل و بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژ بە ئیسرائیل لێدراون.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەرتەشی ئیسرائیل بڵاوی کردۆتەوە، تێل‌ئاڤیب ڕایگەیاندووە: ئەم توونێلانە بەمەبەستی تێکدانی ئارامی سنوورەکان و پەلاماردانی ئیسرائیل لەلایەن حیزبوڵای سەر بە ئێران ساز کراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا بە بەردەوامی پێگە و شوێنی مانەوە و خۆحەشاردان و هەروەها کاروانی چەکوچۆڵەکانی حیزبوڵای سەر بە تارانی بەتایبەت لە وڵاتی سووریە کردووەتە ئامانجی هێرش و پەلامارە هەوایی و مووشەکییەکانی خۆی.

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دژکردەوە بە توونێلەکانی حیزبوڵا هۆشداری و هەڕەشەی جیددی لە حیزبوڵا کردووە و ڕایگەیاندووە: ئەگەر چەکدارەکانی ئەم گرووپە پەلاماری ئیسرائیل بدەن بەجۆرێک وڵام دەدرێنەوە کە هیچ کات بیریان لێ نەکردبێتەوە.

لەم ماوەیەدا نێتانیاهوو کەڵکی دیپلۆماتیکیشی لە توونێلەکانی حیزبوڵا وەرگرتووە و بەمەبەستی مەحکووم کردنی نێونەتەوەیی، دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دیکەی ڕەوانەی شوێنی توونێلەکان کردووە تاکوو بە چاوی خۆیان خراپکارییەکانی حیزبوڵا ببینن.