کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو، هەڕەشەی لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کرد

12:21 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بێنیامین نێتانیاهوو، هەڕەشەی هێرش کردنە سەر ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کرد.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانان، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند: هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) بە تەواوی هێز و لێبڕاوانەوە لە بەرانبەر هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای جێگیرکردنی هێز و ناوەندە پێشکەوتووەکانی چەک و چۆڵیدا لە سووریە دەوەستنەوە.

نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە بەڵگەی هاوکاری ئەمنیەتی نێوان ڕێژیمەکانی ئێران و سووریە وتی: "هیچ ڕێککەوتنێك لە نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریە ناتوانێت پێشمان لێبگرێت و هیچ هەڕەشەیەک ئێمە ناترسێنێت".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ هەتا پێش لە مانەوە و جێگیربوونی هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بگرێت.

لە ڕاپۆرتێکدا کە هەواڵدەری فەڕانسە بڵاوی کردووەتەوە، پاسداری سەرتیپ "ئەبولقاسم عەلی‌نژاد" سەر بە بەشی نیزامی و بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە دیمەشق، لە وتووێژێکیدا بە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان ئاماژەی بە واژۆکردنی بەڵگەیەکی بەرگری و ئەمنیەتی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریەدا کردبوو و وتبووی: "هێزە نیزامییەکانی ئێران لە سووریەدا دەمێننەوە".

عەلی‌نژاد وێڕای پێداگری‌کردن لەسەر ئەو بەڵگەیە، جەختی لە پشتیوانی‌کردنی ڕێژیمی ئێران لە سەربەخۆیی خاکی سووریە و ئەو وڵاتە کردووە.