کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو، ئێرانییەکان لە قەیرانی ئاو ڕزگار دەکات

12:27 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چارەسەریی قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا، تکنۆلۆژی وڵاتەکەی دەخاتە بەردەست خەڵکی ئێرانەوە.

بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدئۆییەکدا لە پەیجی فەرمیی خۆی، پیشنیاری بە خەڵکی ئێران کردووە، کە تکنولۆژییەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەریی قەیرانی ئاو و پاڵاوتنی ئاوەڕۆ بە خەڵکی ئێران دەدات.

دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە بە خەڵکی ئێران، ماڵپەڕێکی دروست کردووە و شێوەی پاڵاوتنی ئاو و ئاوەڕۆیان پێ فێر دەکات و هەروەها وەرزێرانی ئێرانی فێر دەکات، کە چۆن دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بپارێزن.

نێتانیاهوو لە باسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتەکەی ئاگادارە کە ڕێژیمی ئێران بە بەڕێوەبەریی هەڵە و دزینی سەرچاوە ئاوییەکان، ژینگەی ئێرانی تووشی مەترسی کردووە.

کەمئاوی لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت و هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە پرۆژە ئاوییە ناکارناسانە و سیاسەتە فاشیستییەکانی ئەو ڕێژیمەیە، کە دەیەوێت ناوەندی ئێران کە بیاوانە و قەیرانی ئاوی هەیە، بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکانی دیکە بەتایبەت کوردستان، چارەسەر بکات.

کارناسانی ژینگە نێوخۆی ئێران، لەو باوەڕەدان، کە قەیرانی ئاو لە ناوەندی ئێران دەبێتە هۆکاری کۆچی دەیان میلیۆن کەس لە شار و گوندەکانی ناوچە فارسنشینەکان و هەروەها کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن، کە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ئاو لە نێوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.