کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نێت فلیکس" مافی بڵاوکردنەوەی جیهانیی "وەرزی کەرگەدەن" لە دەرهێنانی "بەهمەن قوبادیـ"ـی کڕی

11:03 - 13 رەزبەر 2720

ماڵپەڕی سینەمایی "نێت فلیکس" ( Netflix) فیلمی "بەهمەن قوبادیـ"ـی بەپێی گرێبەستێک كڕی و مافی بڵاوکردنەوەی جیهانیی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرگەدەن" تایبه‌ت كرا به‌و ماڵپه‌ڕه‌ جیهانییه‌.

ئەوە بۆ یەکەمین جارە کە "نێت فلیکس" ماڵپەڕی ناوداری ئامریکایی بەرهەمی سینەماکارێکی کورد بکڕێت و لە ئاستی جیهانیدا بڵاوی بکاتەوە کە ئەوەش لە ڕێگای بەرهەمێکی سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادیـ"ـیە و کڕینی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرگەدەن" لەو ئاستەدا شانازییەکە بۆ نەتەوەی کورد و سینەمای کوردستان.

فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرگەدەن" (Rhino Season) لە درەهێنانی "بەهمەن قوبادی" و بە ڕۆڵبینینیی "بێهرووز وسووقی" ئەفسانەی سینەمای ئێران، "مۆنیکا بلووچی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیهان، چەندین ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای تورکیا، لەوانە: "یەڵماز ئەردوگان"، "بئلجیم بێلگین"، "بێن سات" و "ئاڕش لەباف" گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی و بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی "توورەج ئەسلانی" وێنەگری ئەزموونخوازیی سینەمای ئێران و کوردستان؛ دوای نمایش لەسەر پەردەی سینەماکانی جیهان و بەشداریی لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی دنیادا و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتی، بەم دوایانە بەپێی گرێبەستێک لەلایەن ماڵپەڕی سینەمایی "نێت فلیکس" مافی بڵاوکردنەوەی جیهانی کڕدرا و هۆگرانی هونەری سینەما لە سەرتاسەری جیهان، دەتوانن لە ڕێگای ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی زەبەلاحی مەزنی دنیای سینەما ئەم بەرهەمە ببینن.

"وەرزی کەرگەدەن" پێنجەمین بەرهەمی "بەهمەن قوبادیـ"ـە کە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی "وایلد بانچ" Wild( Bunch) لە ئاستی جیهاندا بڵاو کراوەتەوە، تا ئێستا لە فێستیڤاڵی گرینگی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی نمایش کراوە، لەوانە: "بەشی سەرەکیی شێستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سان سباستییەن" لە وڵاتی ئیسپانیا، بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا، چل و دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڕۆتێردام" لە وڵاتی هۆلەند و چەندین فێستڤاڵی دیکە و خەڵاتی وەرگرتووە.