کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی کەمیی ئارد لە کوردستان و ئێران ئەگەری داخرانی زۆربەی نانواخانەکان لە ئارادایە

11:30 - 26 رەزبەر 2720

لە شارەکانی کوردستان و ئێران کەمیی نان و ئارد جیددی بووەتەوە و خاوەن نانواخانەکان ڕایانگەیاندووە جیا لەوەیکە ئارد کەمە نرخەکەشی گرانە و ئەوەش بۆ ئێمە قازانجی تێدا نەماوە.

لە پارێزگای مازەندەران خاوەن نانواخانەکان ڕایانگەیاندووە: "پێشتر هەر تای ئارد بە ٩٠ هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا بووەتە ٢٠٠ هەزار تمەن".

خەڵک لە شارەکانی وەک کەرەج، مەشهەد، ورمێ، سنە و چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران بۆ وەرگرتنی نان دەبێ چەندین کاتژمێر لە سەفدا بن.

لە ئێستادا نرخی ئاردی ئازاد چوار بەرابەر گرانتر بووە و یەکیەتیی نانواخانەکانیش ئارد بۆ نانواخانەکان دابین ناکات.

لە ئێستادا جیا لەوەیکە نان بەسەختی لە نانەواخانەکانی کوردستان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتیشدا ئارد کەمە و نرخەکەشی دوو بەرابەر بەرزتر بووەتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکەن کە کێشەی کەمیی ئارد لە شارەکاندا نییە و ئەوە دەستی دەڵاڵەکانی لە پشتە.