کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئەمنیەتی ئابووریی خەڵک و دوژمنی سەرکووتکاری خەڵک

12:22 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی بازاڕییان لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، کرماشان، قشم، مەشهەد، تەورێز و شیراز، لە پەراوێزی سانسۆڕە خەبەرییەکاندا بەردەوامە و ڕێژیمیش بەردەوامە لە هەڕەشەکردن.

فازی نوێی مانگرتنی بازاڕییان لە شارە گەورەکانی ئێران کە هەم بازاڕە سووننەتییەکانی گرتۆتەوە هەم پاساژە بەناوبانگە نوێیەکان، زۆر زوو بوونە ناڕەزایەتی و خرۆشانی شەقام و ڕێژیمی ناچار کرد بەرهەڵست ببێتەوە.

بە بڕیاری دەزگا ئەمنیەتییەکان وێستگەی مێترۆی "میللەت" لە تاران بەهۆی مانگرتنەکان داخرا، هێزی بەناو ئینتزامی کەڵکی لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرت و ناڕازییان زبڵدانەکانیان ئاگر دا، لە هەندێک کۆڵانی دەورووبەری ڕێپێوانەکان تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە سەرکووتکەرەکان هاتە ئاراوە، درووشمدانی خەڵکی ناڕازی لەدژی تەواوییەتی ڕێژیم بەبێ لەبەرچاوگرتنی باند و تاقمە جیاوازەکان بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا چاوسوورکردنەوەکانی ڕێژیم درێژەیان هەیە و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەوڵ بۆ زاڵ کردنی کەشی زیاتری ئەمنیەتی دەدەن.

فیلمە بڵاوبووەکان لە فەزای مەجازی نیشان دەدەن کە هێزی بەناو ئینتزامی بە باتۆم و بەرد سەرقاڵی تێکدانی بینا و ماڵ و داراییەکانی خەڵکن و دەیانهەوێ وەها نیشان بدەن کە ئەمە کاری ناڕازییانە و بەم شێوەیە پاساوێک بۆ سەرکووتکارییەکانیان بهێننەوە.

ڕاوێژکاری فەرهەنگی حەسەن ڕوحانی کە یەکێکە لە سیما ئەمنیەتییە مەترسیدارەکانی رێژیم، بۆ ترساندنی خەڵک و بە زمانی هەڕەشەوە لە تویتێکدا نووسیویەتی: چاوگی سەرەکی ئاژاوەکانمان دۆزیوەتەوە؛ هەواڵی خۆش بەڕێوەیە؛ بڕیاردەرانی ئەم ئاژاوەمان دۆزیوەتەوە و لە لیستەی چاوەڕوانیدان.

لەو لاشەوە لایەنی بەناو ئیسڵاحخواز کە ڕۆڵی "پۆلیسی باش"ی نێو فیلمەکان دەگێڕێ وەها نیشان دەدات کە گوایە هۆکاری ئەم سەرکووتکارییانە و دۆخی ئابووریی وڵات لایەنی بناژۆخوازە و ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوامییان هەبێ ئەوا ئەم باندە دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرن و ئیتر ماڵوێرانییەکان دەس پێدەکەنەوە.

ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی تاران دەبینرێت بێزارییەکی ڕاستەقینەی خەڵکە لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دوور و درێژی سەرەڕۆیی لە ئێراندا؛ دروشمەکان ساختە نین و دروشمی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن بە هەموو توێژێکەوە. "مرگ بر دیکتاتور" "مرگ بر خامنەیی"، " اصلاح طلب اصولگرا دیگە تمومە ماجرا"، وای اگر ڕوزی مسلح شویم"، "نە غزە نە لبنان جانم فدای ایران" دروشمی خەڵکی ڕاپەڕیوی تاران و شارە گەورەکانی ئێرانن کە هەموویان لە بنەڕەتدا دروشمی ڕووخاندنی ڕێژیمن و دروشمی بێزاریی خەڵکن لە کۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.