کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئەمنیەتی گیانی و ئیمکاناتی خوێندن لە کوردستان، قوتابییان لە خوێندن بێبەش دەکات

15:09 - 20 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاریی پەروەردە و بارهێنان لە گوندەکانی کوردستان بەگشتی و بە تایبەت بۆ قوتابییانی ئەو ناوچانە، بووەتە هۆی ئەوە کە ساڵانا چەندین رووداوی دڵتەزێن روو بدات.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، زۆرینەی گوندەکانی ناوچەی کوردستانی ئێران وەکوو ئورمیە، سنـە، کرماشان و ئیلام لە سەرەتایی‌ترین خزمەتگوزارییەکانی خوێندن بێبەرین و بەو هۆیەوەشەوە ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر قوتابیی کورد واز لە خوێندن دێنن.

ساڵانە لە کوردستان بەهۆی ئەوەیکە رێژیم و بنکە پێوەندیدارەکانی هیچ ئاوڕێک بۆ چارەسەری کێشە و گرفتی قوتابخانەکان نادەنەوە بە ناچار خەڵک بۆخۆیان بۆ نۆژەنکردەنەوە، دروستکردنی بینای قوتابخانە، دابینکردنی ئیمکاناتی خوێندن پارە کۆ دەکەنەوە بەڵام ئەو پارەیە لەلایەن رێژیمەوە بۆ کاروباری دیکە خەرج دەکرێت.

لەم پێوەندییەدا وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە شاری بۆکان بڕی ٤٠٠ ملوێن تمەن پارە لەلایەن خێرخوازانی ئەو شارەوە بە مەبەستی نۆژەن‌کردنەوە و دروست‌کردنی قوتابخانه کۆ کرابووە کە بەرپرسانی رێژیم بۆ ئۆردووی راهیانی نوور خەرجیان کرد؛ ئەوە نموونەیەکە لە سەدان هەڵاواردنی رێژیمی ئێران کە سەرەڕای ئەوەی کە هیچ خزمەتگوزارییەک ناکات بەڵکوو یارمەتی خەڵک بۆ قوتابخانەکانیش کە لە یاسادا دابینکردنی هیچ ئیمکاناتێکی ماددی لە ئەستۆی خەڵک نییە، بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی خەرج دەکات.

 نەبوونی فەزای ئامووزشی و بە تایبەت نەبوونی قوتابخانە لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی لە گوندەکانی کوردستان یەکێک لە کێشەکانی دیکەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابی بەوهۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە و بنەماڵەی قوتابییانیش بەهۆی هەژاری و نەبوونی شوێن و کات توانایی ناردنی منداڵەکانیان بۆ شارەکانی دەوروبەر نییە.

گوندنشینانی پارێزگاکانی ئورمیە، سـنە، کرماشان و ئیلام لە خزمەتگوزاریی ئامووزشی و بە تایبەت لە خزمەتگوزاریی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانە بێبەشن.

لە ئێران زیاتر لە ٥٠ هەزار قوتابخانە بە هۆی كۆن‌بوونی بیناكانیان ئەگەریی داروخانیان هەیە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم لەو بارەیەوە وەڵامدەر نین.

9371.jpg


بەرپرسی رێكخراوی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان وێڕای پشتراست‌كردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی: نەبوونی بودجەی پێویست هۆکاری سەرەكیی نۆژەن نەكردنەوەی بینای قوتابخانەکانە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی دانشجوونیوز بڵاوی كردووەتەوە، بێجگە لەو ٥٠ هەزار قوتابخانەیە زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار پۆلی وانەوتنەوەش لە ئێران مەترسیی داروخانیان لەسەرە.

نەبوونی سیستەمی گەرم‌کردنەوەی قوتابخانەکان لە ئێران یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی قوتابخانەکان هەژمار دەکرێت.

قوتابخانەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتیش لەو بێ‌ئیمكاناتییە بێبەری نەبوون و هەموو ساڵێك لێپرسراونی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بەمەبەستی وەرگرتنی پارە بۆ دابین‌كردنی سووتەمەنی زەخت و گوشار دەخەنە سەر قوتابیان.
بەپێی ئامارەكانی خودی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ١٤١ هەزار منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ١١ساڵ بووه، بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەخوێندن بە جێ‌ماون.
ئەمانە لەحاڵێكدایە كە ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بەبەردەوامی بانگەشەی فێر بوونی زانست و زانیاری لە ئێران دەكەن، بەڵام بەوتەی كۆمەڵناسان و پسپۆڕان ئەو قسانە تەنیا پڕوپاگەندەن و نرخی نەخوێندەواری لە ئێران و بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان هەر وەک خۆی ماوەتەوە و کەم نەبووەتەوە.

بە پێێ راپۆرتەکان، لە حاڵێکدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی ئێران، لە خوێندن و قوتابخانە بێ‌بەشن، رێژیمی ئێران بەردەوام لە وڵاتانی دراوسێی پێڕەوی مەزهەبی شیعه سەرقاڵی دروست‌کردنی قوتابخانه و نەخۆشخانه‌یە.

9369.jpg


قوتابخانەی سەرەتایی شیناوێ سەر بەشارستانی پیرانشار نموونەیەکی هەرەبەرچاو لەنەبوونی خزمەتگوزاری و هەڵاواردنی رێژیمی ئێران بە نیسبەت ناوچە کوردنشینەکان نیشان دەدات.
رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، پۆلی چوارەمی سەرەتایی قوتابخانەی گوندی شیناوێ سەربە شارستانی پیرانشار بەهۆی گڕگرتنی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیانەوە، ٣٧ قوتابیی ئەو قوتابخانەیە سووتان و دو قوتابیی ئەو قوتابخانەیەش گیانیان لەدەست‌دا.

بنەماڵەی قوتابییانی شیناوێ لەمەڕ جێبەجێ نەکرانی وادە و بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پەروەندەی کچەکانیان چەندین جار لەبەردەم بینای سەرکۆماریی رێژیمی ئیسلامیی لە تاران، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دربڕی.
رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بنەماڵەی قوتابیانی گوندی شیناوێ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر جێبەجێ نەکرانی بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ بیمەی کچە قوتابییانی شیناوێ له بەردەم بینای سەرکۆماریی رێژیم کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

9370.jpg


پێڕانەگەیشتن و نەدانی دیەی کامڵی ئەو کچانە لە رۆژی دیاریکراودا، واتە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی و کەم کردنەوەی رێژەی سووتانی قوتابییانی شیناوێ لەلایەن پزشکی یاسایی لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەکانی ئەم قوتابیانە راگەیاندراوە.
کۆبوونەوەی کچە قوتابییەکانی شیناوێ پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە ئێدارەی بیمە رایگەیاند؛ بەهۆی کچ بوونی ئەم قوتابییانەوە، نیوەی دیەکەیان پێ دەدرێ.