کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: شوناسی زیاتر له ٣٥٠ هەزار کەس لە کوژراوانی شەڕی سووریە ڕوون کراوەتەوە

11:34 - 3 رەزبەر 2721

نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاندووە، شوناسی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس لە قوربانییانی شەڕی سووریە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوون کراوەتەوە.

لە نێوان ئەو ٣٥٠ هەزار کەسەی کە ناویان ئاشکرا بووە، زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس منداڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو ئامارەی بەپێی ناو، نازناو، ڕێکەوت و شوێنی کوژرانی ئەو کەسانە ڕوون کردووەتەوە و ئەو ژمارەیە کەسانی مەدەنی و نیزامی لەخۆوە دەگرێت.

''میشێڵ باشڵە'' کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی ئەو ژمارەیە دەرخەری لانیکەمی ئاماری کوژراوانی شەڕی "سووریە"یە کە پشتڕاست کراوەتەوە و بە دڵنیایەوە زۆرتر لە ٣٥٠ هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ناوچەی حەلەب  بە ٥١ هەزار و ٧٣١ کەس قوربانی زۆرترین ڕێژەی لە شەڕی سووریە هەیە.

 کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی قوربانییانی شەڕ لە "سووریە"ی زیاتر لە ١٩١ هەزار کەس ڕاگەیاندبوو.

ساڵی ٢٠١١ خەڵکی سووریە دژی ڕێژیمی ''بەشار ئەسەد'' ڕاپەڕین کە لە ئاکامدا بەهۆی کوشتاری ئەو ڕێژیمە، شەڕی نێوخۆیی لە سووریە هاتە ئاراوە کە هەتا ئێستا بەردەوامە.

لە شەڕی "سووریە"دا ڕێژیمی ئێران بە ناردنی هێزەکانی سپای پاسدران، حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیاکان لە پاکستان و ئەفغانستان و هەروەها بە تێچوویەکی چەندین میلیارد دۆلاری یارمەتی لە دەسەڵات مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی داوە.