کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشانی سووتاو لە ئێران پشتگوێ خراون و شێوەی دەرمانکردنی ئەو نەخۆشانە ستاندارد نییە

21:41 - 30 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز، "محەممەد فاتمی" سەرۆکی ئەنجوومەنی پشتیوانی لە نەخۆشانی سووتاوی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکی ڕێژیمی ئێران وتی: "سەرەڕای ئەوەیکە نەخۆشانی سووتاو لە ئێران پشتگوێ خراون، شێوەی دەرمانکردنی ئەو نەخۆشانە ستاندارد نییە و بە شێوەی کۆن ئەنجام دەدرێت".

ناوبراو زیادی کردووە: "تێکنۆلۆژیی پێویست، تەختی نەخۆش، پانسمان و کەرەستەی پێویستمان بۆ دەرمانی نەخۆشانی سووتاو نییە. لە ٢٨٠ نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ئێران تەنانەت یەک تەخت بۆ نەخۆشانی سووتاو بوونی نییە".

پێشتر "عەباس پوور‌بافرانی" ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم وتبووی: "بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە و بنکەی دەرمانیی باش بۆ نەخۆشانی سووتاو لە ناوچە بێبەشەکان، نەخۆشەکان بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ناچارن ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن کە سەرەڕای تێچووی دەرمان دەبێ پارەیەکی زۆریش بۆ ڕێگاکە خەرج بکەن".

لە نەخۆشخانەکانی ئێران بەهۆی نەبوونی تەختی ستاندارد چەندین نەخۆشی سووتاو لە یەک ژوور دادەنێن کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە چڵکی نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی دیکە ڕابگوازرێت.