کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشەکانی ئۆتیزم لە ئێراندا قوتابخانەیان نییە

12:23 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان، نەبوونی قوتابخانەی تایبەت بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نەخۆشەکانی ئۆتیزم.

محەممەدعەلی میری، سەرپەرستی پەروەردە، ڕاهێنان و توانابەخشیی ڕێکخراوی ئۆتیزمی ئێران، لە وتوێژێکی لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی ئیرنا، باسی لە کەمیی قوتابخانەی تایبەت بە نەخۆشەکانی ئۆتیزم لە ئێراندا بۆ کوڕان و نەبوونی قوتابخانەی تایبەت بۆ کچان کرد.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ژمارەی منداڵانی کوڕی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم، چوار قاتی کچانی توشبوو بەم نەخۆشییەیە، کە بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی ئەم منداڵانە لە ساڵی خوێندنی پار لە پارێزگای سنە تەنیا ٦٧ کەس بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم سەرەڕای ئاماژەدان بەو کێشەی ئەم منداڵە تووشبوو، بە نەخۆشیی ئۆتیزم ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە، باسی لە ناشارەزایی لەگەڵ ئەم نەخۆشییە کردووە و جەختی لەوە کردووە، کە نەخۆشیی ئۆتیزم جۆر و ئاستی جیاوازی هەیە، هەندێک لە نەخۆشە تووشبووەکان بە ئۆتیزم، کێشەیان لەگەڵ خوێندن لە قوتابخانە ئاسایییەکان نییە، نامۆییە فەرهەنگییەکان وەک یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەمیان بۆ چوونە قوتابخانە ئاسایییەکان پێناسە کرد.

سەرەڕای کێشەکانی خوێندن و نەبوونی قوتابخانەی تایبەت بە خوێندکاران، گرانبوونی دەرمانەکانی ڕسپریدون و ڕیتالینیش بە کێشەگەلی نەخۆشەکانی ئۆتیزم زیاد بووە، کە هۆکارە سەرەکییەکەی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام  و دابەزینی نرخی تمەنی ڕێژیمی ئێرانە.

کێشە لە ئاخاوتن، پەیوەندی یەکلایەنە، ناسروشتی دروستکردنی وشە، سەرگەرمبوونی منداڵ بە شتێکەوە بۆ چەند کاتژمێرێک، جیاوازی یاریکردنی ئەم نەخۆشانە لەگەڵ منداڵانی دیکە، سەرنجدان بە پانکە و جلشۆر و خۆلادان لە دروستکردنی پێوەندی چاو، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەن.