کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەریتی کۆنی بووکەبارانە لەلایەن منداڵانەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

17:47 - 7 بانەمەڕ 2721

بووکەبارانە وەک نەریتی کۆنی کوردەواری لەلایەن منداڵە چاوگەشەکانەوە بە نییەتی بارینی باران و زیندووڕاگرتنی ئەو بۆنەیە لە چەندین شاری کوردستان بەڕێوە چوو.

بووکەبارانە بە جلوبەرگی کوردیی "ژنانە" لەلایەن منداڵانەوە دەڕازێتەوە. پاشان لەلایەن کۆمەڵێک منداڵەوە بە شێعری تایبەت بە بووکەبارانەوە بە کۆڵان و گەڕەکانی شار و گونددا بووکەکە دەسووڕێننەوە و دەیبەنە بەردەرکەی ماڵان و داوای ئاو دەکەن کە بە بووکەکەی داکەن، دواتر لەلایەن کەسێک ئاوی پێدا دەکرێت.

نەریتی بەڕێوەبردنی بووکەبارانە لەلایەن منداڵانەوە لە کاتێکدایە کە وشکە ساڵیە و دەغڵ و دان بەرەو وشکبوون دەڕوات و جووتیارەکان چاوڕێی باران بارین دەکەن.

جیا لە نەریتی بووکەبارانە نوێژی باران هەیە کە خەڵک بۆ بارینی باران ڕوو لە دەشت دەکەن و نوێژ دەکەن هەتا باران ببارێت.

ئەمساڵ لە کوردستان ڕێژەی باران بارین زۆر کەم بوو و کێشەیەکی جیدی بۆ خەڵک دروست کردووە.