کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەمانی ئۆتۆریتە تەونی چنراوی چل ساڵەی ڕێژیم تێک دەدات

10:20 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ماوەیەک پێش "حەسەن نەسروڵڵا" و "موقتەدا سەدر" لە پەیمانێکدا سەرسپێردراویی خۆیان بۆ "عەلی خامنەیی" چەندپات کردەوە. دواتریش شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی شۆڕشخوازانە شەقامەکانی بەیرووت و بەغدادی گرتەوە کە ئەمەش ڕێژیمی لاسەنگ کردووە.

ڕۆژنامەی کوردستان، بەشی کوردی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، بابەتێکی سەبارەت بە ئۆتۆریتەی ڕێژیم و شوێنکەوتەیی تاقم و گرووپگەلێکی هاوپەیمانی ڕێژیم لەم ئۆتۆریتەیەدا بڵاو کردەوە.

"کەیوان دروودی" نووسەری ئەم بابەتە، بەئاماژە بە دابەشکاریی ئۆتۆریتە لە لایەن "ماکس وێبێر"ەوە بە سەر سێ سەرچاوەی سەرەکیدا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران سەرەتا لە دوو کۆڵەکەی کاریزماتیک و نەریتی کەڵکی وەرگرتووە بەڵام ئێستاکە چالاکانی مەدەنی و سیاسی تێگەیشتوون کە  ئەم کاریزمایە ئیتر ناتوانێت وەکوو خومەینی بە وتنەوەی دروشمی دوورەمەودا و کەڵکاژۆ وەرگرتن لە خەوی گۆڕانخوازی، خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت.

نووسەری ئەم بابەتە هەروەها ئاماژەی بە ڕژانە سەرشەقامی خەڵکی بەیرووت و بەغدا کردووە و باسی لەوە کردووە کە خەڵک خوازیاری شێوازی سێهەمی حوکمڕانی، واتە یاسایین و داوای نەهێشتنی گەندەڵی و بڕینەوەی دەستی گێرەشێوێنیی ڕێژیمی ئێران دەکەن.

"دروودی" لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە، شەقام داوای دەسەڵاتێک دەکات کە لەسەر ئیرادەی خۆی و بەپێی ڕەشنووسی یاسای خۆی هەڵچنرابێت و هەموو ئەوانەش کە ناتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم ئاراستەیەدا یەک بخەن، وەکوو "ئەسەد" ماڵێکی بێ درگا و دەلاقەی کاولیان لەسەردەست دەمێنێت.