کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەهامەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، دوو کۆمپانیای ئیتالیایی و ئاڵمانیشی گرتەوە

12:21 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەیەکی گەورەی ماڵیی ئیتالیایی و بانکێکی ئاڵمانی بە هۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، سزای میلیاردیی دران.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە، هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان بڵاویان کردووەتەوە، کە دامەزراوەی ماڵیی "یوونی کرێدیتـ"ـی ئیتالیا و بانکی "هایپۆڤراینزیـ"ـی ئاڵمان، کە سەر بەو دامەزراوەیەیە، بە هۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و ئاڵوێری ماڵی، لە نێوان لقی ئاڵمانی ئەو بانکە لە موونیخ و دامەزراوە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران، سزای میلیاردی دران.

ئەو دوو بانکە لە لایەن بانکی "فێدێڕاڵـ"ـی ئامریکاوە، بە بڕی یەک میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلار سزا دراون و ئەو بانکانەش ڕەزایەتیان بە دانی ئەو بڕە پارەیە دەربڕیوە.

لقی ئاڵمانیی دامەزراوەی "یوونی کرێدیت" بە ناوی "هایپۆفراینز"، بە ناردنی سەدان میلیۆن دۆلار پارە لە سیستمی ماڵی ئامریکاوە، لە ئاڵووێرە ماڵییەکاندا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕۆڵی گێڕاوە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو پارەیەی بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەرەوەها دروستکردنی چەکوچۆڵی قورس و کۆمەڵکوژ بەکار هێناوە.

پاش بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئامریکا هۆشداری داوە، کە هەر چەشنە هاوکارییەکی ماڵی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕێکخراوەیە، سزای جیددی بەدواوە دەبێت.