محەممەد عەلیزادە
شەپۆلی دووهەمی ئابلۆقەی ئەمریکا، کاریگەری کوشندەی دەبێ بۆ سەر ئێران، شەپۆلی دووهەمی ئەو ئابلۆقە فرۆشتنی نەوتی ئێرانیش لەخۆدەگرێ کە ئامانجەکەی نەهێشتنی یەکجاری فرۆشتنی نەوتی ئێرانە واتە گەیاندنی رێژەی فرۆشتن بۆ سیفر. بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٣٥% هەناردە کردنی نەوتی لە دەست داوە، داهاتی نەوتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ بەپێی سەچاوە ئەمریکییەکان ٥٥ میلیارد دۆلار بووە کە بەو پێیە ٤٥% زیاتر بووە لە ساڵی ٢٠١٦. لە مانگەکانی سەرەتای ٢٠١٨دا داهاتی نەوتی ئێران گەیشتە ٤١ میلیارد.
پێشبینی دەکرێ رێژەی ئەو هەناردە کردنە تا کۆتایی ئەمساڵ بگات بە ١.٣ میلیۆن بۆشکە لە ساڵ، لەگەڵ بەردەوام بوونی تەحریمەکان و هەروەها کەم بوونەوەی رێژەی کڕینی نەوت لەلایەن چین و کۆریای باشوور و ژاپۆن ئەو رێژەیە بگاتە ژێر یەک میلیۆن بۆشکە لە ساڵدا. بەپێی راپۆرتی رۆیتێرز رێژەی کڕینی نەوت لەلایەن چین، هیند، ژاپۆن و کۆریای باشوور ٥٦% کەمی کردووە . کۆریای باشوور رێژەی کڕینی نەوتی خۆی بۆ دووهەم جار گەیاندە سیفر و وادەردەکەوێ لە کۆتایی ئەمساڵ بە یەکجاری نەوتی ئێران نەکڕێ. ژاپۆن رێژەی کڕینی نەوتی ئێرانی دابەزاند کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ٧٠% کەمی کردووە و واش پێدەچێ لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو وڵاتەش رێژەی کڕینی نەوت بگەیەنیت بە سیفر. ئەو بڕەش کە ئەمریکا رێگەی داوە بکڕدرێ ئەو وڵاتانە ئامادە نین تەنانەت یەک بۆشکە زیاتر بکڕن. هەرچەند ئەمریکا سەرەتا دەیهەویست فرۆشتنی نەوتی ئێران بە یەکجاری بگەیێنێتە سیفر بەڵام بە رەچاوکردنی زیادکردنی نرخی نەوت هەوڵ دەدات ئەو کارە بە هێواشی و سەرەتا بە دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ نەوتی ئێران ئەنجام بدات. واش پێدەچێ ئەو رێگا کوشندەی ئەمریکا کاریگەری باشتری هەبێت چونکە هەر لە ئێستاوە ئێران بۆ ساڵی داهاتوو تووشی کەمیی بودجە بووە کە تا ئێستا وێنەی نەبووە لە ئێران، ئەو کەمیی بودجەیەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت بێ گومان سیستمی ئابووریی ئێران فەلەج دەکات. چەند هۆکارێک هەن کە وای کردووە ئێران تووشی ئەو کەمیی بودجە بێت: یەکەم، زیادبوونی نرخی دراوی جیهانی، دووهەم: زیادبوونی بێوێنەی نرخی شتومەکەکان، سێهەم: زیادبوونی رێژەی بێکاری، چوارەم: کەم کردنی داهاتی ناوخۆ بۆ نزیک بە ٥٠%، پێنجەم: کەم کردنی رێژەی فرۆشتنی نەوت بۆ رێژەی ١,٣ میلیۆن بۆشکە.
ئەو هۆکارانە وای کردووە کە ئێران تووشی کەمیی بودجەی بێوێنە ببێت. بە لێکدانەوەی بودجەی ئەمساڵی کە ١١٠ هەزار میلیارد خەمڵێنراوە، لەو بڕە پارەیە تەنیا ٦٣.٤ میلیار تمەنی دابین کراوە و لە بەشی داهاتی گومرۆگی و ماڵیات تەنیا ١٥ هەزار میلیارد داهاتی هەبووە کە لەو بەینەدا بڕی ٣٩ هەزار میلیارد تمەن کەمیی بودجە هەیە. ئەو کەسری بودجەیە ئێران ناچار دەکات رێکاری جیاواز بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو کەسرییە قەرەبوو بکاتەوە کە رەنگە ئەو رێگایانەش ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیاتربوونی گوشار لەسەر خەڵک. بۆ ساڵی داهاتووش وا پێشبینی دەکرێت بەو کەم بوونەوەی رێژەی فرۆشتنی نەوت بودجەی ئێران ٣٠% هەتا ٥٠% کەمتر بکات بەبەراورد لەگەڵ ئەمساڵ کە ئەوە ئێران ناچار دەکات نرخی دراوی بیانی لە ناوخۆ زیاتر بکات و هەروەها بەکارهێنانی پاشەکەوتە ئەرزییەکانی بانکی ناوەندی کە دەرئەنجامی ئەمانە دەبێتە هۆکاری زیاتر بەرزبونەوەی نرخەکان و هەروەها کەم کردنی توانای کڕینی شتومەک لەلایەن خەڵکەوە کە ئەمەش زیاتر گوشار دەخاتە سەر نیزامی سیاسی و ئابووریی ئێران.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.