کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاتوچۆی هێلی كۆپتەرەكانی ڕێژیم لە ناوچەی زەردۆیی خەڵكی تووشی گومان كردووە

20:52 - 13 خەزەڵوەر 2715

كوردستان میدیا: ماوەیەكە هاتوچۆی بەردەوامی هێزە ئەمنییەكان و هێلی كۆپتەرەكانی ڕێژیم لە ناوچەی زەردۆیی سەر بە شارستانی پاوە بە بیانووی دۆزینەوەی نەوت، خەڵكی ئەو ناوچەیەی تووشی گومان كردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەكانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچە شاخاوییەكانی ماكوان، سەردانی، پاڵگەمەڕ، قەڵای قووڵی، قەڵای گاوران، تاریكەرە، قوڕگ هەڵدێر و سەرمەڕە سوور لە چالاكی و هاتوچۆیەكی بەردەوامدان.

هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی ڕێژیم بە خەڵكی ناوچەیان ڕاگەیاندووە كە ئامانج لەم هاتوچۆیە دۆزینەوەی نەوتە، بەڵام بەپێی وتەی شایەتحاڵان ئەم چالاكییانە زیاتر لەو شوێنانە بە ڕێوە دەچێت كە لە ناوچەكەدا وەكوو شوێنەواری مێژوویی ناسراون.

ئەوەی كە بۆ خەڵكی ناوچەكە جێگای سەرنجە، ئەوەیە كە هێزەكانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بە تەلبەندكردن و دانانی نیگابان ڕێگا بە هاتوچۆی خەڵك و ئاگاداربوونیان لە كار و كردەوەكانی خۆیان لەو شوێنانەدا دەگرن.

شایەتحاڵێك لەو پێوەندییەدا بە كوردستان میدیا ڕایگەیاند كە بە چاوی خۆی بینیوە ئەو هێزانە دەزگای فلزیابیان پێ بووە و هەروەها وتی: هێلی كۆپتەرەكان بەردەوام خەریكی گواستنەوەی كەلوپەلن و هێزەكانی رێژیم كۆمەڵێك بۆریی ١٤ میترییان پێیە كە پاش پرَكردنەوە لە ژێر عەرزدا دەیشارنەوە و شوێنەكە دەستنیشان دەكەن و دواتر بە بیانووی ئەوەی كە نەوتی تێدا نەبووە شوێنەكان بە جێ دەهێڵن.

ئەم شایەتحاڵە هەروەها باس لەوە دەكات كە هێزەكانی ڕێژیم بە كرێكارەكانیان وتووە بە هیچ شێوەیەك نابێ پێوەندی لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە بگرن.

ئەم هەڵسوكەوتانە خەڵكی ناوچەكەی بەو باوەڕە گەیاندووە كە هێزەكانی ڕێژیم خەریك هەڵكۆڵینی شوێنەوارە مێژووییەكان و بە تاڵانبردنی كەلەپوور و ئاسەوارە كۆنەكانی ئەو ناوچەیە و شێواندنی مێژوو و شوناس و شارستانیەتی نەتەوەی كوردن.