کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەمیی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان بە بۆنەی کۆچی دوایی شوکروڵڵا بابان

19:41 - 5 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد لە دەرەوەی وڵات به نووسینی نامەیەک وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان بۆ کۆچی دوایی شوکروڵڵا بابان وێژەوانی کورد، کەسایەتیی ناوبراویان بەرز نرخاندووە.

نوسخەیەک لە نامەی هاوخەمیی ئەو هونەرمەندانه به ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
رۆژی هەینی ٢٦ ی خەزەڵوەری ٢٧١٢ ی کوردی بەرامبەر بە ١٦/١١/٢٠١٢ مامۆستا شوکورڵڵای بابان لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.
نەمر لە دایک بووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوێکی ناسراوی بواری وێژە و ئەدەبی کوردییە. بەرنامەکانی هەوارگەی دڵان و چیرۆکی شەو و دەیان بەرنامەی رەنگاورەنگی دیکەی ئەو مامۆستایە لە رێگای رادیۆ کرماشان و قەسری شیرین و سنە و تارانەوە، هاوڕێ لە گەڵ دەیان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و زمانەوانی ئەو بلیمەتەی گەلەکەمان لێمان دەخوازێ، وێڕای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی ئەو گەورە پیاوە، خۆمان بە بەشداری خەمی سەرجەم نەتەوەی کورد، بنەماڵەی هونەری کوردی، هاوڕێ و دۆستەکانی مامۆستا و بنەماڵە بەڕێزەکەی بزانین.
بە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو هەرگیز نەمرە دەڵێین: مامۆستا لە دڵی هەموو کوردێکی خاوەن باوەڕی کوردایەتی و لە هزر و بیری گشت ئەو کەسانە دایە کە خۆیان بە رێبواری رێبازی وشەی رەسەنی کوردی دەزانن. نالی شاعیر لە مێژە بۆ کەسایەتی مرۆڤە زاناکان فەرموویەتی:

هەر چەندە کە عومری خزر و جامی جەمت بوو
چوونکە ئەمەلت زۆرە، چ عومرێکی کەمت بوو
تەمەنی مامۆستا شوکروڵڵای بابان، تەمەنێکی پڕ بەرهەم بوو بۆ نەتەوەی کورد. بۆیە ئێمە وەک دەنگبێژان و هزرڤانانی کوردی رەوەندی وڵاتی نۆروێژ لە گەڵ دووپاتکردنەوەی خەم و کەسەری خۆمان، پەیمانی وەفاداری بۆ رێبازی هونەری رەسەنی کوردی نوێ دەکەینەوە و لە گەڵ ناردنی هەزاران چەپکەگوڵی وەفا بۆ سەر گڵکۆی ئەو نەمرە، دڵنیاین جێگای مامۆستا وەک دەنگە بە سۆزەکەی لە نێو هەموو ماڵەکوردێک و لە بیری گشت تاکێکی کۆمەڵی کوردەواریدا دەمێنێتەوە.
یادی بەخێر و رێگای پڕ لە رێبوار بێ
حەسەن گەرمیانی
قادرئەلیاسی
بەرزان سەیدە
دارڤان بەرزنجی
بێلان گەرمیانی
سامرەند ئەلیاسی
بێشە گەرمیانی
رووداو گەرمیانی
نەبەز موکریانی
شێروان بێرکۆتی