کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوردەکردنی کاغەز لەلایەن ئێرانەوە بازاڕی بەرهەمهێنانی کاغەزی کەساس کردووە

19:07 - 24 بانەمەڕ 2720

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای بوونی چەند کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی کاغەز، لە وڵاتانی دیکەوە کاغەز هاوردە دەکات و بازاڕی بەرهەمهێنانی بە ڕادەیەکی بەرچاو کەساس کردووە.

لە دوای ئاڵوگۆڕی نرخی ئەرز لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە، وەشانگەکان کە گەورەترین بەکارهێنەرانی کاغەز بوونە، بەهۆی گرانیی کاغەز تووشی کەساسی و قەیران بوونە و لە ساڵی ٩٦ و ٩٧ ئەو قەیرانە گەورەتر و نرخی کاغەز ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر بووە.

قەیرانی گرانیی کاغەز گەییشتووە بە ڕادەیەک کە هەر دوو کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی کاغەزی ''کاروون و پارس'' لەکار کەوتوون و لە دوای ڕادەستکردنی بە کەرتی تایبەت، دووبارە وەشانی خۆیان دەست پێ کردەوە.

هەروەها لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا کارخانەی بەرهەمهێنانی کاغەزی ''مازەندەران'' بە کەرتی تایبەت ڕادەست بکرێت.

 لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا نەبوونی پلانی گونجاو بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێناندا کێشە و قەیرانێکی قەرەبوونەکراوەی گەیاندووە بە کاڵا نێوخۆییەکان، هەروەها هاوردەکردنی بێسەرەوبەرەی کەلوپەلی بیانی بازاڕی ئێرانی بەتەواوی شێواندووە.