کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە

11:39 - 17 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دەزگای قەزاییی دەوڵەتی تورکیە، حوکمی چوار ساڵ و هەشت مانگی زیندانی بۆ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەرکرد.

بەپێی هەوالە نێوخۆیییەکانی تورکیە، سەلاحەدین دمیرتاش، یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان "هەدەپە"، بە چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

لە هەمبەر ئەم حوکمەی دەزگای قەزاییی تورکیە، هەدەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا، لەم بارەوە نووسیەتی: "ئەم حوکمەی دەوڵەتی حیزبی عەداڵەت و گەشە، درێژەدان بە سیاسەتی شەڕە".

سەلاحەدین دمیرتاش، لە ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەگەڵ ١٠ نوێنەری دیکەی پارتی دێموکراتیکی گەلان، لە پارلەمانی تورکیە، لە ئەنجامی پاکتاو و دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی پاش کوودەتای ناسەرکەوتووی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.

دمیرتاش لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ پەکەکە مەحکووم کراوە، بەڵام دمیرتاش و هەدەپە ئەم تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە و مەحکووم کرانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە بۆ داکۆکیی لە مافی نەتەوەی کورد لە تورکیە و دژایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەگەڕێننەوە.

ناوبراو لە مانگی ژۆئێنی ئەمساڵیش، یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرکۆماریی تورکیە بوو و هەروەها یەکێک لە ناڕازییانی هێرشی نیزامیی تورکیە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بوو.

پارتی دێموکراتیکی گەلان و دمیرتاش، لە مانگی ژۆئێنی ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە ژێر گوشار و هەڕەشەی دەوڵەتی ئەردۆغاندان و هەتا ئێستە نزیک بە دە هەزار ئەندام، دەیان شارەدار و چەندین نوێنەری ئەم حیزبە لە پارلەمانی تورکیە دەسبەسەر و زیندان کراون.