کوردستان میدیا

هەینی 14ی سەرماوەز 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

17:37 - 27 خەزەڵوەر 2720

هاوسەری شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شنۆ بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو "مریەم خووبانی" کچی "بارام" خەڵکی گوندی "کانی سۆرک" سەر بە شنۆ لە پارێزگای ورمێ، هاوسەری شەهید "مەولوود عوقاب پەنجە" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید "مەولوود عوقاب پەنجە" کوڕی "ئیبراهیم" و لەدایکبووی ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ بووە.

ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە کاتێکدا خاتوو مریەم ٣ مانگ بوو کە ژیانی لەگەڵ شەهید "مەولوود" پێک هێنابوو، هاوسەرەکەی لەلایەن ساواکەوە بە هۆی پێشمەرگایەتی و بەشداری لە شۆڕشی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ دەسبەسەر کرا.
شەهید مەولوود پاش ٣ مانگ ئازاد کرا و گەڕایەوە لای بنەماڵەکەی.

پاشان جارێکی دیکە شەهید "مەولوود" لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرایەوە و لە ساڵی ١٣٦٨دا لە بەندیخانەی "دەریا"ی شاری ورمێ لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کرا.

هەروەها ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی تاقە برایەکی خاتوو مریەم بە ناوی "ڕەسووڵ خووبانی" کە پێشمەرگەی هێزی "سمکۆ"ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بوو، لەلایەن ڕێژیمەوە شەهید کرا.

خاتوو "مریەم" ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی کاتێک کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕایەوە، لەسەر سنوور دەسبەسەر کرا و ماوەی چەند ڕۆژێک لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار ڕاگیرابوو.

خاتوو "مریەم" کەسێکی حیزبدۆست بوو و هەردەم چاوی بۆ حیزب و شەهیدان پڕ فرمێسک بوو و هەرکات هەواڵی شەهیدکرانی ڕۆڵەیەکی بەئەمەگی نیشتمانی بە گوێ دەگەیشت دڵی دەتاسا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.