کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:18 - 31 خەرمانان 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ''خاتوون ئیبراهیمی'' کچی سەید "فاتمه و ئەحمەد'' و هاوسەری شەهید ''ئەبووبەکر ئازەربەرزین'' لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵ لە شاری پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە ''خاتوون'' ژنێکی نیشتمانپەروەر و هەتا سەر وەفادار بە ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی بوو.

شەهید ''ئەبوبەکر ئازەربەرزین'' لە "کۆنە خانێـ"ـی پیرانشار لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران هێرش دەکاتە سەر کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.

شەهید "ئەبووبەکر" کاتی خۆی مەئمووریەتێکی لەلایەن حیزبەوە پێ دەسپێردرێت. لەو مەئمووریەتەدا لە خاڵێکی پشکنین لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی جەللادی "خومەینی" دەسبەسەر دەکرێت.

سەرئەنجام ناوبراو ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٦٣ی هەتاوی لە پادگانی سپای "پیرانشار" لەلایەن ڕێژیمی پەت و سێدارە ئێعدام دەکرێت و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.

کوڕێکی دایە ''خاتوون'' بە ناوی ''نادر ئازەربەرزین'' لە ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەکی بەرگری لە نیشتمانەکەی لە شان کردووە و بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبات.

تەرمی دایە ''خاتوون'' لە شاری شنۆ بە خاکی کوردستان دەسپێردرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.