کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوشێوەی کوردستان، بازاڕییانی مەشهەد و تاران مانیان گرت

19:09 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دووکاندار و بازاڕییانی بازاڕی عەباس‌ئابادی تاران و بازاڕی دانشجوی مەشهەد مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان، دوابەدوای مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ لە چەندین شاری کوردستان کە بەرچاوترینیان مانگرتنی ٢٥ ڕۆژەی بانە بوو، بازاڕییانی ناڕازی شارەکانی تاران و مەشهەدیش مانیان گرت و لە کردنەوەی دووکانەکانیان خۆیان بوارد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ پاش چەند ڕۆژ بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا داوا لە دووکاندارانی تاران کرابوو مان بگرن، بازاڕییانی بازاڕی عەباس‌ئاباد لە کردنەوەی دووکانەکان خۆیان بوارد؛ هەروەها بازاڕییانی بازاڕی دانشجوی مەشهەد کە زۆرتر بورسی جلوبەرگ و قوماشە، دووکانەکانیان داخست.

لە کاناڵێکی تێلێگرامیدا کە ئەم مانگرتووانە وەڕێیان خستووە داوا لە هەموو بازاڕییان لە هەموو شارەکان کراوە کە پەیوەست بە مانگرتنەکان ببن.

هاوکات لەگەڵ ئەم مانگرتنە، ماڵخوراوانی دامەزراوەی کاسپییەن بۆ نیشاندانی پشتیوانی خۆیان سەرەتا لەبەردەم ئەم بازاڕەی تاراندا کۆبوونەوە و دواتر ڕوویان لە دادسەرای تاوتوێ کردنی تاوانە بانکییەکان کرد و لەوێ داوای پارە بەتاڵان براوەکانیان کرد.

ئەم کەسانە وێڕای درووشمدان دژ بە ڕێژیم و هەڵکردنی پلاکارد، بووکەڵەیەکی وەلیۆڵا سەیفیان بە دارەوە کرد و خوازیاری سزادانی بەپەلەی ناوبراو بوون کە لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی یەکێک بووە لە گەندەڵکارە حکومەتییەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە، هەر هەمان ڕۆژ چەوەندەرکارانی شاری نەغەدە و شنۆ هاوشێوەی شاری بانە بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لەبەردەم کارخانە قەندی نەغەدە، داوای مافە پێشێلکراوەکانیان کرد.