شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی بەشێک لە هاووڵاتییانی "کاکەیی" لە کەرکووک دژی ئەو سووکایەتییەی کە ئەندامانی حەشدی شەعبیی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەو لاوە "کاکەییـ"ـیەیان کردووە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ناڕازییان شەوی ڕابردوو بە داخستی ڕێگای سەرەکیی بەغدا بۆ کەرکووک دژی ئەو کردەوەیەی حەشدی شەعبی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و داوا دەکەن ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، دەبێ ڕادەست بکرێت.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای "کەرکووک" حەشدی شەعبی کە لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، وەک بێڕێزی سمێڵی هاووڵاتییەکی کوردی "کاکەییـ"ـیان تاشی.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان سەبارەت بەم کردەوەیەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی پێشمەرگەش لەمبارەوە داوای لە هێزە ئەمنییەتییەکانی کەرکووک کرد بە زووترین کات لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە پێک بێت.