کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییان لە ئیلام لە کوالێتیی نان ناڕازین

12:30 - 20 خەزەڵوەر 2721

ماوەیەکە هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام لە کوالێتیی نان ناڕازین و ڕێژەی سەرپێچیی نانواخانەکان لەو پارێزگایە بەرەو زیادبوون دەچێت و لە ئەگەری ئەوەیکە ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت تەندروستیی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە.

نانی بێ کوالێتی دەتوانێت مەترسی بخاتە سەر تەندروستیی خەڵک، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربرینی هاووڵاتییان، بەرپرسانی پەیوەندیدار هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەنجام نەداوە.

کێشەی نان بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە و لە ئێستادا ئارد بە سێ نرخی جیا، "نرخی دەوڵەتی بۆ نانواخانە دەوڵەتییەکان، نرخی ئازاد و بازاڕی ڕەش" لە بازاڕدا دەفرۆشرێت.

ئاردی دەوڵەتی و ئازاد زیاتر لە چوار بەرابەر جیاوازیی نرخیان هەیە و بە هەڵکشانی تێچووەکان و هەڵاوسان نانەواخانەکان ناتوان تێچووەکانیان قەرەبوو بکەنەوە.

 سەرەڕای گرانی و هەڵاوسان، هەندێک لە بەرهەمهێنەران و فرۆشیاران لەو پارێزگایەدا دەستیان کردووە بە کەمفرۆشیی کاڵاکان و هاووڵاتییان بەنیسبەت ئەو دۆخە ناڕازین.