کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنه دەسبەسەر کرا

15:35 - 9 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنه هاووڵاتییەکی کوردیان دەسبەسەر و راپێچی شوێنیکی نادیاریان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن به رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، یەزدان حوسێن پەناهی تەمەن ٢٣ ساڵ و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، رۆژی شەممەی رابردوو لەلایەن ئیتلاعاتی رێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر و هەتا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە، پاش یەک هەفتە لە دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراو هەتا ئیستا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتووە.
هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە و هەتا ئێستا بەرپرسە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لەم پێوەندییەدا هیچ روونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە یەکەم مانگی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ١٨ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.