کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان دەسبەسەر کراون

10:51 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە مەریوان، ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و  بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕاگوێزراون.

هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی "لوقمان خوراب"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی محەممەد، لەگەڵ ١٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە، لە مەیدانی جیهاد دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

"لوقمان خوراب" خەڵکی گوندی "دەلـ"ـی شاری مەریوانە و لە کاتی هێنانی کوڕەکەی بۆ نەخۆشخانەی مەریوان، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەو شارە، لە گۆڕەپانی  جیهاد، لەگەڵ ١٥ کەسی دیکە کە شوناسیان هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، دەسبەسەر کراوە.

بنەماڵەی "خوراب" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان لەو شارە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان تەنیا شەوێک لەو ناوەندە حکوومەتییە بووە، ڕۆژی دواتر (یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر)، ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ئەوانیان بۆ گرتنگەی ئەوە ناوەندە ڕاگواستووە.

پاش سەردانی بنەماڵەی "لوقمان خوراب" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.