کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندی بۆ بەرابەری و ئازادی لە ئێران، ئێعدامی "مستەفا سەلیمیـ"ـی مەحکووم کرد

13:57 - 26 خاکەلێوه 2720

"هاوپێوەندی بۆ بەرابەری و ئازادی لە ئێران" بەنیسبەت ئێعدامی "مستەفا سەلیمی" کە ماوەی ١٧ ساڵ لە یەکێک لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بووە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئێعدامی جینایەتکارانەی زیندانیی سیاسی، "مستەفا سەلیمی" مەحکووم دەکەین.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا و کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە زیندانەکاندا، لە هەندێک لە زیندانەکان یەک لەوانە زیندانی شاری سەقز، زیندانییان دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد، "مستەفا سەلیمی'' یەکێک لە زیندانییەکانی ئەو زیندانە توانی هەڵبێت.

ناوبراو دوای هه‌ڵاتنی لە زیندان لە کاتی پەڕینەوە لە سنووری ئێران و هەرێمی کوردستاندا دەسبەسەر کراوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، لە چۆنییەتیی دەسبەسەکرانی ناوبراو دوو قسەی جیاواز هەیە، لەلایەک ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە خاکی ئێران دەسبەسەری کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە دەوترێت لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر کراوە و گەڕێندراوەتەوە نێوخۆی ئێران.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، هەر وەک "مەسروور بارزانی"، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندوه‌ كه‌ لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو ڕووداوە ده‌كه‌ن، ئێمەش چاوه‌ڕوانی ئەنجامی ئەو لێکۆڵێنەوەین، چونکە کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەت خەڵکی ئێران چاوه‌ڕوانن.

هاوپێوەندی بۆ بەرابەری و ئازادی لە ئێراندا وێڕای مەحکوومکردنی ئێعدامی "مستەفا سەلیمی" هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو دەربڕی.

لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە،  داوا لە لایەنه‌ سیاسی، ئازادیخواز، مرۆڤدۆستەکان و چالاکانی مافی مرۆیی دەکەین بۆ پێشگرتن لە ئێعدامەکان لە ئێران، تێكۆشانیان دوو بەرابەر بكه‌نەوە.