کوردستان میدیا

دووشەممه 24ی جۆزەردان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوژینی شەهید "سمکۆ مەحمەڵ" پەیامێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە

12:35 - 8 جۆزەردان 2721

خاتوو "سیمین شیری" هاوسەری شەهید "سمکۆ مەحمەڵ" لە پەیامێکدا ڕوو خەڵکی کوردستان و هەموو هاوسەنگەرانی شەهید "سمکۆ" بڵاوی کردەوە پتەوتر لە جاران درێژەدەری ڕێبازی هاوسەری شەهیدم سمکۆ مەحمەڵ دەبم و دیسان پەیمان نوێ دەکەمەوە کە هەتا سەر بە ڕێگا و ڕێبازەکەی وەفادار بمێنمەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خۆشەویست و ئەمەگناسی کوردستانی ڕۆژهەڵات!

هاوسەنگەرانی شەهید سمکۆ!

زیندانییانی سیاسی و سەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

لە مەتەرێزی شەرەف و بەرگریی لە نیشتمان و نەتەوە مافخوراوەکەمەوە، وەکوو هاوسەری شەهید سمکۆ و دایکی دوو جگەرگۆشەی شەهید (پێشەوا و ڕێباز) و هەروەها بنەماڵە هاوسەری شەهیدم، سپاستان دەکەم، لە بەر ئەوەی لەم کاتە دڵهەژێنەدا بە پەیامی هاوخەمییەکانت بەشێک لە قورسایی ئەو خەمە گەورەتان لەسەر شانم کەم کردەوە.

دڵنیاتان دەکەمەوە کە پتەوتر لە جاران درێژەدەری ڕێبازی هاوسەری شەهیدم سمکۆ مەحمەڵ دەبم و دیسان پەیمان نوێ دەکەمەوە کە هەتا سەر بە ڕێگا و ڕێبازەکەی وەفادار بمێنمەوە و هەتا وەدیهاتنی ئامانج و خەونی شەهیدانی کوردستان لە هەر چەشنە فیداکاری و لەخۆبوردووییەک خۆم نەبوێرم.

هەر وەک چۆن شەهید سمکۆ بە یادی پێشەوای کوردان و ڕێبازە ڕاستەقینە و بێگەردەکەی بانگی کوردانەی بە گوێی دوو ڕۆڵەمانی دا، منیش بەڵێن دەدەم کە لە پەروەردەکردن و بەخێوکردنی کوردانە و پێشەوائاساییان هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەم و بۆ گەیاندن بە قۆناغێک کە بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان وەکوو باوکیان دڵسۆز و بەسوود بن هەرچی لە دەسەڵاتمدا بێت، بیکەم و قەت ڕێگا بە ماندوویەتی و بێهیوایی نەدەم کە لەم ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزە پاشگەز ببمەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو لە کوردستان دەکەم، کە جێگای لەدایکبوونی هەزاران ڕۆڵەی شێرئاسا و چاونەترسی وەکوو سمکۆیە!

سڵاو لە ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتی و حیزبی دێموکرات دەکەم کە فێری کردم لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیدا زیاتر خۆشەویستی نیشتمان لە دڵم گەشە بکات!

سڵاو لە سەرجەم زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەم و ئاواتم وەدیهاتنی ئامانجی پیرۆزییانە!