ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، حاجیە "هاجەر سلێمانزادە" هاوژینی شەهید "عەزیز مەعرووفزادە"، خەڵکی گوندی "ئیندرقاشـ"ـی مەهاباد، دوای تەمەنێک شانازی لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجییە "هاجەر" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و هەتا دواهەناسەی ژیانی بە هاوژینەکەی، شەهید "عەزیز" و هەروەها بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
شەهید "عەزیز مەعرووفزادە" ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لەدایک بووە. ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دوای هێرشی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ سەید "ڕەسووڵ ورچان" و سەروان "ئەحمەد جاویدفەر" لە هێزی "پێشەوا" سازمان درا و تێکۆشەرانە ئەرکە حیزبییەکانی جێبەجێ کردووە.
دەرەنجام شەهید "عەزیز" ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە "سێڕێیانی ترشەکان" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو.
حاجییە "هاجەر" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر برد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری حاجییە "هاجەر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.