
هاوکات لەگەڵ سەفەری "ئیبراهیم رەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای لێژنەکەی بۆ پارێزگای "لوڕستان"، کرێکارانی "عەزیم خۆدرۆ" لە "بروجێرد" ڕێگەی "ئۆشتەرین" بۆ "مەلایر"یان داخست.
دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتیی ئەو کرێکارانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "فاتمی ئەمین" وەزیری پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیم لە شوێنی کارخانەکە ئامادە نەبووە.
هاوکات هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم پێچەوانەی دەنگ و ڕەنگ، نووسیویەتی کە "فاتمی ئەمین" لەنێوان ٥٠ کرێکاری ناڕازیی کەرخانەی "عەزیم خۆدرۆ" لە ماشین هاتووەتە خوارەوە و لەگەڵیان قسەی کردووە.
"عەزیم خۆدرۆ" ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی دەستی بە بەرهەمهێنان کرد، بەڵام زۆری پێ نەچوو کە "ڕەزا عەزیمی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەو شیرکەتە بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر و پاشان موحاکمە کرا.
تاوانی "ڕەزا عەزیمی" ئەوە بوو کە چوار هەزار ماشینی پێشفرۆش کردبوو و ٧٠٠ میلیارد تمەن قەرزدار بوو.
لە دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو کارکردن لەو شیرکەتەدا ڕاگیرا و بە وتەی کرێکاران، ١٨٠ کەس بێکار بوون، هەروەها ٧ مانگە حەقدەستیشیان وەرنەگرتووە.