کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هزری قاسملوو ئاوێنەیەک بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو

17:44 - 30 پووشپەڕ 2719

سۆران شەمسی

دروشمێکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێ:"تۆ تێدەکۆشیت تاکوو ئاسوودە بیت، بەڵام من تێدەکۆشم تاکوو خەڵکانی تر لە من ئاسوودە تر بن".

سەربەرزی کوردستان پێویستی بە لەخۆبوردوویی و فیداکارییە، ئەگەر دەمانهەوێت بۆ لەنێوبردنی هەژاری، جیاوازی چینایەتی، نەخوێندەواری و دابینبوونی ئاسایش و ئارامی، خەبات و تێکۆشان بکەین، کە ئەوەش بە قسە و دروشم ناکرێت، دەبێت وانەی لەخۆبوردوویی و فیداکاری لە پێشمەرگەکانی کوردستان فێر ببین و ئەوەش بە کردەوە بسەلمێنین.

ناساندن و پێناسەکردنی کەسایەتییەکی وەکوو شەهید دوکتور قاسملوو، ئاسان و سانا نییە، چونکە بەڕاستی سات بە ساتی ژیانی ڕێبەری مەزنمان لێوانلێوە لە شانازی و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکان، یەکێک لە ڕێگاکانی بەردەوامی پێناسەکردنی کەسایەتییەکان، نووسینی ژیاننامەی ئەوانە، بەڵام کەسانێکی وەک دوکتور قاسملوو کە لە کۆمەڵگایەکی زۆر دواکەوتوودا و لە نەبوونی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و لە ناوچەیەکی پاشکەوتوودا چاوی بە جیهان هەڵێناوە، ژیاننامەی ئەوان تەنیا دەردو ڕەنجە کە کۆتایی پێ نایەت.

دوکتور قاسملوو، زانا و بلیمەتێکی نەتەوەیی گەلی کوردە، شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەرێکی ناودار، سیاسەتوان و جیهانبینێکی نەتەوەی کورد بە ئەژمار دێت، کە لە ماوەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆڵێکی کارای هەبووە و پێگەیەکی بەرز و باڵای لەنێو سەرجەم چینەکانی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای کوردستاندا هەبووە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە.

ڕێبەری ناودار و کاریزمای کوردستان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندی حیزبی، تاک و پلە و پایە و هەروەها لە سەرووی هەموو گرووپ، دەستە و لایەنێکی دیاریکراو دادەنا و گشت هەوڵ و ماندووبوونێکی تەنیا و تەنیا لە پێناو خەباتی میللی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد و کوردستاندا بوو.

دوکتور قاسملوو بژاردە و بلیمەتێکی سیاسیی جیهانی بوو.

ناوی دوکتور قاسملوو، هاوڕەنگە لەگەڵ خەبات و تێکۆشان و بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی بێوچانی چەندین ساڵەی، لە ڕێگای ئازادی و داکۆکی لە دێموکراسی و گەورەیی نەتەوەی کورد، کە بە شانازییە مێژووییەکانی نەتەوەکەمانەوە گرێ دراوە.

دوکتور قاسملوو ڕەمزی ئیرادەیەکی پۆڵایینی  بەهێزی کوردستانە، کە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابروودا بیر و هزری، بناغەی داگیرکەرانی هەژاندووە و ترسی خستووەتە دڵی دوژمنانی گەلەکەمانەوە.

دوکتور قاسملوو، یەکێک لە بەناوبانگ، کارا و کاریزماتیکترین ڕێبەرەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان، بە واتای کردەوە و پراکتیکی بووە، کە دەتوانین بڵێین هەنووکەش هەیە.

ئەگەر نووسەران و مێژوونووسەکان، کارنامە و ڕابردوودی کەسایەتییە گەورەکانی مێژوومان تۆمار بکەن، حەماسە و لەخۆبوردووییەکانی دوکتور قاسملوو و کارنامە مێژووییەکانی، شاخە سەربەرزەکانی نیشتمان و پێدەشت و چۆم و کۆسارە بەهەیبەتەکانی کوردستان لە دڵی خۆیاندا بۆ هەمیشە تۆماریان کردووە و نەوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی کوردستان، ئەو شانازییەیان پێ بڕاوە تاکوو هزر و بیرۆکەکانی ئەو ڕێبەرەی نەتەوەکەمان وەکوو گەوهەرێکی بێوێنەی جیهانی لە لاپەڕەکانی مێژوو و وێژدانی نەتەوەیی خۆیاندا بپارێزن.

ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی شەهیدبوونی پێغەمبەری ئاشتی و ڕێبەر و پێشمەرگە و مامۆستا و دیپلۆماتکاری نەتەوەکەمان بەرز ڕادەگرین، کە ڕێبەری قارەمان و بەناوبانگی گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەکەی بوو، کە دەبێژرێت قارەمان، بە واتای قارەمانی شەڕ و گۆڕەپانی شەڕ نییە، بەڵکوو ڕێبەرێکی قارەمان و بەناوبانگ له ئاشتی، ئاوەدانی، ئازادی و دێموکراسیدا بوو و هەموو خەبات و تێکۆشانی خۆی لەو پێناوەدا بووە و تەنانەت لەو پێناوەشدا گیانی بەخت کرد، بۆیە بە پێغەمبەری ئاشتی ناسراوە، دوکتور بێرنارد کۆشنێر، کەسایەتی بەناوبانگی فەرانسەویی و هاوڕێی نزیکی دوکتور قاسملوو و دۆستی نەتەوەی کورد، فەرموویەتی: "ئەوان لە ئاشتی و ئارامی ترسان، بۆیە پێغەمبەری ئاشتییان شەهید کرد".

دوکتور قاسملوو ڕۆڵەیەکی ئەفسانەیی و مێژوویی کوردستان بووە و ژیانی خۆی بۆ داڕشتنی بناغەی ڕوونی داهاتوو و پڕ لە دڵنیایی بۆ نەوەکانی پاش خۆی لە وڵاتەکەیدا تەرخان کرد، شەهیدی ڕێبەر، سیاسەتوانێکی زیرەک و وریا بوو، کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی کوردستان و ڕزگاری لە ژێرچەپۆکیی نەتەوەی کورد بەسەر برد و تا کاتی شەهیدبوونیشی بە بەڵێن و ڕێگا و ڕێباز و ئامانجەکانی بە پەیمانێکی نیشتمانییەوە وەفادار مایەوە و لەو ڕێگایەشدا گیانی شیرینی بە سەربەستی کورد بەخشی و شەهید بوو.

مێژووی نەتەوەیەک، جگە لە هەڵسوکەتە کردەوییەکانی ئەو نەتەوەیە کە هاوڕەنگی پیرۆزییەکان، دۆڕانەکان، پەرواێزخراوییەکان، ئاوات و هیواکان و ... ، لە ڕێڕەوی ڕێگایەکی مێژووییە، مێژووی ڕێڕەوی ڕێگاکانی مانەوەی هەر نەتەوەیەکیش لە هەوراز و نشێوەکانی ژیاندایە! کە زۆر جار هاوڕەنگ و دەنگی خۆشییەکانە و گۆشەیەک لەو ڕێگایەی ژیاندا، پڕ لە نشێو و دژوارییەکانە، کە بە خرۆشانە گران و بەهێزەکان له دڵی ڕووباری مێژوودا، ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

بێگومان بەشێک لە ڕێگای پڕ هەوراز و نشێو و دژواری داهاتووەکانی نەتەوەیەک، لە دڵی ئەزموونەکانی ڕابردووی ئەو نەتەوەیەوە تێپەڕ دەبێت، مێژووی ژیان، وەکوو کەرەستەیەکە، کە بەشەکانی ئەو کەرەستەیە داهاتووەکانی ڕێک دەخاتەوە و بەشەکانی تری ئەو کەرەستەیە، لە کۆگا مێژووییەکانی ڕابردووی ئەو نەتەوەدایە.

بەو تێگەیشتنەوە لە مێژوو و ڕەوتە مێژووییەکانی کۆمەڵگایەکی بەرپرسیار بەرامبەر بە داهاتوو، کۆمەڵگایەک دەبێت، کە تایبەتمەندییەکانی لە رێبوارانی بناغەداڕێژەری، داهاتوو ڕێگاکانیشی لە شەپۆلەکانی دەریای دڵی مێژووشدا سەفەری خۆیان وەکوو گەوهەرێکی پڕبایەخ و گرانبەها بە داهاتوویان پێشکەش کردووە تاکوو بەو کردەوە پڕ لە شانازییەوە، ناو و یادی خۆیان لە ڕەوتی مێژوودا بۆ هەتاهەتایە بهێڵنەوە و لە ئاستی توانا و هێزی خۆیاندا یارمەتییەکی چووکەش بە کردنەوەی ڕێگای داهاتووی نەتەوەکەیان بکەن.

ئەگەر لە ئەمڕۆدا شانازی بە ڕێبەری شەهیدمانەوە دەکەین، بەو هۆکارەوەیە کە دوکتور قاسملوو هەم مرۆڤێکی لەخۆبوردوو بوو، هەم مانەوەی خۆی لە دڵی مێژوودا تۆمار کرد و هەمیش لە ئاستی تێگەیشتنی خۆی و دواڕۆژی ڕووداوەکان و ئاکار و ئاکامە خوازراو و نەخوازراوەکاندا، کە خوێندەوەیەکی ڕوون و ئاشکراگەرایانەی بۆ ڕێباز و ئامانجی ڕێبەرانی پێش سەردەمی خۆی دەکرد.

ڕێبەری شەهید، خۆی لە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورددا هەستی بە بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەکرد، هەر ئەو هەست بە بەرپرسیارەتیکردنەی بوو، کە بوێری و ئیرادەی چاونەترسانەی پێ دەبەخشی و بە ورەیەکی بەهێز و بەرزەوە، بە هەیبەت و باوەڕبەخۆبوونێکی ئازایانەوە پێنووسی بە هێنانە سەر تێنووسی گۆڕەپانەکانی خەبات و مێژووەوە، تاکوو بیرەوەرییەکانی له دێڕەکانی مێژووی تێپەڕدا بهێڵێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو ببێتە ڕێگایەکی ڕوون و ئاسۆیەکی هیوابەخش و ڕێڕەوی پاپۆڕی هەم مێژوو و هەمیش سەردەمە جۆاوجۆرەکان بسپێرێت بە من و تۆ و هەموو ئێمە.

دوکتوری بلیمەت، سیاسەتی لەسەر ڕاستای ڕاستی و درووستی داڕشتەوە و لە ڕاستیشدا، سیاسەتوانێکی ڕاستبێژ و سادق و ساکار بوو، سیاسەتی لەگەڵ مرۆڤایەتی تێکەڵ کرد، تاکوو قاسملوویەکی سادە و خاکی، بەڵام بەپرستیژ و هەروەها چۆنییەتی ژیانکردن لە ژیانی مرۆڤەکاندا ڕێک خستەوە و فێری کردین، هەروەها ژیانەوەی بە ژیان بەخشی و پێمانی نیشان دا کە بەڕاستی ژیان چییە؟ ژیان واتە نان، ژیانەوە واتە گەورەیی، ئازادی و باوەڕ.

قاسملووی زانا، سیاسەتی بە سفرەیەکی نان و خوان، وەکوو ئەو سیاسەتوانەی کە سیاسەتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەوروبەرەکانیان بەڕێوە دەبرد و لەو پێناوەدا سیاسەت دەکەن، نەبوو.

ژیانی دوکتور قاسملوو کاریگەرییەکی زۆر و پڕنێوەڕۆکی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە و تەنانەت خۆشی هاودەردی خەڵک بوو، دوکتور قاسملوو ئەو ڕێبەرەیە کە لەنێو خەڵکێکی چەوساوە و بندەستدا هەڵقوڵا و لەگەڵ ئەو خەڵکەشدا ژیاوە، لە نێو خەڵکیشدا توایەوە و لە دڵی خەڵکیشدا هەرمان مایەوە.

ڕەمزی مانەوە و هەرمانی ئەو ڕێبەرەی نەتەوەکەمان، هەر ئەوە بوو کە، ویست و داخوازییەکانی نەتەنیا لە پێناوی نەتەوەکەیدا بوو، بەڵکوو ویست و داخوازی سەرجەم خەڵکی نەتەوەکەشی بوو و هەر لەو پێناودا و بۆ ئەو ئامانجانەش تێدەکۆشی و ئەو خەباتەشی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرجەم کۆمەڵگاش ڕوون و ئاشکرا بوو و جگە له خەڵکی کوردستان، پاڵپشت و پشتیوانێکی بەهێزی تری نەبوو، تەنانەت ژیان و گیانیشی سادقانە پێشکەش و فیدای خەڵک و نیشتمان و ئاوات و ئامانجەکانیانی کرد.

دوکتور قاسملوو، بەو شێوەیە بوو بە دوکتور قاسملوو.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.