کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرستانی ئوتومێکانیکی شاری "سلسلە"ی لوڕستان لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزاری بەرەوڕووە

11:46 - 12 بەفرانبار 2721

هونەرستانی "فەننی ئوتومێکانیکـ"ـی شاری "سلسلە"ی لوڕستان، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی گەیشتە قۆناغی وەبەرهێنان، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی پەروەردەیی بۆ قوتابییان تێدا دابین نەکراوە.

نەبوونی هەلی کار و دۆخی نالەباری دامەزرانی لاوان بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی خوێندکاران نەتوانن لە بوارەکانی خۆیاندا لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان کار بکەن، هەر بۆیە پەروەردەی فەننی و پیشەیی لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو بووەتەوە.

ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، پرۆژەی دروستکردنی ئەو هونەرستانە لە ڕووبەری ٧١٠٠ میتری دووجا لەو شارستانە دەستی پێ کرد، بەڵام  وەکوو زۆربەی پرۆژەکانی دیکە بە نیوەکاری مایەوە.

ئەو هونەرستانە دوای ١٧ ساڵ وەستانی کارەکانی، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ کەوتە قۆناغی کۆتایی بەڵام ئێستا لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بەرەوڕووە و بۆ دابینکردنی پێویستی بە ٤٠ میلیارد تمەن هەیە کە تا ئێستا بۆی دابین نەکراوە.

گرینگینەدان و پێڕانەگەیشتن بە پارێزگا غەیرەفارسەکان، خەڵکی ئەو ناوچانەی تووشی کێشەی جیدی کردووە و هیچ هەوڵێکی پێویست لەوبارەوە لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە گۆڕێدا نییە.