کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندانی ئێران: لاوان بە چ گوناحێک کوژران؟

11:32 - 10 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: گرووپێک لە هونەرمەندانی ئێران لە بەیانییەکدا سەبارەت بە کارەساتی کوشتاری خەڵکی ناڕازی، دژایەتییان دەربڕی. ئەم بەیانییەیە دەڵێت، ناڕازییان وەزاڵەهاتووانێک بوون کە دەنگیان نەبیسترا و ناکارامەییەکانی ڕێژیمییان لەسەر شەقامەکان هاوار کرد.

کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی ئێرانی لە بوارەکانی سینەما، موسیقی و شانۆ، لە بەیانییەیەکدا کە ڕۆژی شەممە، ٩ی سەرماوەز بڵاو بووەتەوە، نووسیویانە: "لەم ڕۆژە تاڵانەی کە لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا تێپەڕی، ساتێک ڕووخساری لاوە گیانبەختکردووەکان، خەڵکانی بریندار، دایکانی داخ لەدڵ و باوکانی بێئۆقرە، لەپێش چاوان دوور ناکرێتەوە".

نووسەرانی ئەم بەیانییەیە دەڵێن: "گەنجانێک کە خوێنی پاکیان ڕژا و سەر بە بێگانەیان لەقەڵەم دان. خەڵکانێک کە ئەمڕۆ لەنێو تەمی بێ هەواڵی و نەبوونی پەیوەندی، ناو و نیشانیان ئاشکرا دەبێت، بە چ گوناحێک کوژراون؟ ئەوان وەزاڵەهاتووانێک بوون کە دەنگیان نەبیسترا و ناکارامەییەکانی ڕێژیمیان لەسەر شەقامەکان هاوار کرد".

لە درێژەی ئەم بەیانییەیەدا کە ڕوو لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نووسراوە، هاتووە: "چی لە خەڵک دەکەن؟ چ کەلێنێکتان بۆ بیستنی دەنگی خەڵک ئاوەڵا هێشتووەتەوە؟ کام یەک لە کۆبوونەوەی ناڕزایەتیی خەڵکتان تەحەمول کردووە؟ کام حیزب و تەشکیلاتێکتان کە بتوانێت داخوازیی خەڵک دەرببڕێت، لە ئێرانداهێشتووەتەوە؟ هەر لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە توندوتیژی، خەڵک لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانی بێبەش بکەن؟".