کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی مایک پۆمپێئۆ، سەبارەت بە هێرشی سووریه بۆ سەر ئێدلب

12:00 - 11 خەرمانان 2718

فکوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ، سەبارەت به ئەگەری هێرشی ئەرتەشی سووریه بۆ سەر ئێدلب و دابین کردنی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هۆشداری دا.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە تویتێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەرتەشی رێژیمی سووریه بۆ سەر ئێدلب، نووسیویەتی: "ئامانجی ئەم دەستدرێژییە نیزامییە، سێ میلیۆن خەڵکی ئێدلبن کە پێشتر لە خانووەکانی خۆیان وەدەرنرابوون. لە حاڵێکدا کە هەموو جیهان ئەو کردەوەیە دەبەنە ژێر پرسیارەوە، سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی رووسیه، بەرگری لەم ئۆپەراسیۆنەی رێژیمی سووریه و رووسیه دەکات".

ئەرتەشی سووریه خۆی بۆ داگیرکردنی پارێزگای ئێدلب کە دوایین پارێزگای ژێر دەسەڵاتی دژبەرانی حکوومەتی سووریەیە، ئامادە دەکات. لاڤرۆف پاش داکۆکی لە ئەرتش سووریه وتوویەتی: "دەوڵەتی سووریه مافی خۆیەتی کە سەرەڕای بەرگری لە سەروەری خۆی، پەناگەی تێرۆریستەکانی نێو وڵاتەکەی لە نێو ببات".

ئەمە لە حاڵیکدایه که ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دۆخی نالەباری منداڵان لە ئێدلب هۆشداری داوە.

هەواڵدەریی "المصدر" یش لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی به ئامادەبوونی رێژیمی ئێران بۆ یارمەتیدانی سووریه لە بواری چەکوچۆڵ و هەروەها دابین کردنی فڕۆکە و موووشەکی ئێس ٣٠٠ به ئەرتەشی ئەم رێژیمە کردووە.

رێژیمی ئێران به یارمەتیدان و هەروەها تەیار کردنی هێزە تێرۆریستییەکان به چەکوچۆڵی نیزامی، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین داڵدەدەرانی تێرۆریزم لە ناوچەکەدا.