کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نوێنەرێکی ڕێژیمی ئێران به نیسبەت لاوانی سەڵت لە کۆمەڵگەدا

16:52 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: "ڕەسووڵ خزری" یەکێک لە بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، نیسبەت بە ١٢ میلیۆن لاوی سەڵت لە کۆمەڵگەدا هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیم دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "ڕەسووڵ خزری" یەکێک لە مۆرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا، ڕۆژی ڕابردوو ڕیکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، باسی لەوە کردووە، کە ١٢ میلیۆن لاوی سەڵت لە ئێراندا هەیە و ئەوەش وەک بۆمبی ئەتۆمی بۆ ئێران وایه.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، ١٢ میلیۆن سەڵت لە کۆمەڵگەدا هەیە بەڵام هەتا ئێستا هیچ کارێک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان ئەنجام نەدراوە، ئەوەش وەک بۆمبێکی ئەتۆم بۆ ئێران دێتە ئەژمار.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "لە هەر ٥ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، ٣ حاڵەت تەڵاق ڕوو دەدات و ئەوەش لە کاتێکدایه کە بەگشتی ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ئێراندا ڕووی لە دابەزینه.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، کە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە و بە جێگای ئەوەی کە بە دوای هۆکارەکاندا بگەڕین لە بەرهۆکان دەپرسین؛ هەر بۆیە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەڵاق، دزی، جەنایەت لە ئێراندا زۆرە.

خزری نوێنەری ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، کە لە ئێراندا ٧ میلیۆن بێکار هەیە، ئەوەش لە کاتێکدایه کە ئەو کەسانەی ڕۆژانه ٢ کاتژمێریش کار دەکەن، وەکوو کەسێکی خاوەن پیشه لە قەڵەم دەدرێن و هەروەها ئامارێکی ڕاستیش لە بێکاران لە بەردەستدا نییه.

قسەکانیدا ناوبراو لە کاتێک دایه، کە ڕێکخراوی لاوانی ئێران تەمەنی لاویی لە نێوان ١٥ تا ٢٩ ساڵی دیاری کردووە و بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، ٢٠ میلیۆن کەس، واتا یەک لەسەر چواری حەشیمەتی ئێران له لاوان پێک هاتووە. ئامارەکان دەرخەری ئەوەن نزیک بە ٤٠ لەسەدی لاوانی ئێران خێزاندار و ٧٠ لەسەدی لاوەکان سەڵتن.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری "سەیفوڵڵا ئەبووتۆرابی"، وتەبێژی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسییەتی بڵاویان کردەوە، کە نێونجیی تەمەنی پیاوان لە ئاماری تەڵاقدا ٣٦.٥ و ژنان ٣١.٦ بووە.

ئەو ئامارە لە کاتێکدایە کە به وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق له ئێراندا، بووەتە دیاردەیەکی تۆقێنەر که هاوتای بێکاری و ئێعتیاد بەرۆکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە؛ بە چەشنێک کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، له کۆی چوار حاڵەتی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، حاڵەتێکی تەڵاق بەرچاو دەکەوێت.

مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە، کە بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانه لە ئێراندا، ٤٩٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت.