کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری مایک پۆمپێئۆ بەو کەسانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە

11:36 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، هۆشداری بەو کەس و وڵاتانە داوە، کە دەیانەوێت پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبێت و ڕایگەیاندووە، کە دوای ١٣ی خەزڵوەر ڕێوشوێنەکان دەگۆڕێن.

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، لە نوێترین تویتی خۆیدا، لە بارەی ڕێژیمی ئێرانەوە نووسیویە: "لە  ڕێکەوتی ١٣ی خەزڵوەر کۆمەڵێک سزا و یاسای نوێ بۆ ئەو کەسانە دەردەچێت، کە نیازی هەبوونی چالاکی ئابوورییان لە ئێراندا هەیە".

لە درێژەدا نووسیەتی: "هەتا ئێستا زۆرێک لە وڵاتان  دەستیان بە هاتنە دەرەوە لە ئێراندا کردووە".

بڕیار وایە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئامریکا دەوری دووهەمی گەمارۆوەکانی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران وەگەڕ بخات، کە بوارەکانی "نەوت، گاز و هەرچەشنە مامەڵەیەکی ماڵی لە بانکەکانی ڕێژیمی ئێراندا" دەگرێتەوە.

لە کاتی دەستپێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا، لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، زۆرێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان لە بەر ئەوەی نەکەونە ناو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە، چالاکییەکانی خۆیان لە ئێراندا ڕاگرت.