کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هۆگرانی ئاشتی و ئازادی، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی تێرۆرکرانی پێغەمبەری ئاشتی، بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شار و ناوچەکانی کوردستان، بە بۆنەی سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی ڕێبەری نەتەوەکەمان، دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز، لە شوێنەکانی وەک: "تەپەی گۆڕە جوولەکە و شیوی جووتیاران" بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، یادی ڕێبەری زانای گەلی کوردیان بەرز ڕاگرت.
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی "چۆمی مەجیدخان"، بە دانانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و نووسینی دروشمەکانی وەک: "بژی ڕاسان" و "بژی حدکا"، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دەربڕیوە.
هاوکات پێشمەرگەکانی شار لە گوندی "ڕەحیم خان" سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بە دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر مەزاری شەهیدانی هێزی ١١٠ی بەیان و بە نووسینی دروشمەکانی وەک: "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" و "ڕاسان دژی تێرۆریزمی دەوڵەتی"، پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی ڕەوای گەلەکەیان دەربڕیوە. هەروەها لە سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوودا، پەیمانی درێژەدانی ڕێگای ئەم ڕێبەرە کوردەیان نوێ کردووەتەوە.