کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبێریی هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ٦٠ زانکۆی جیهان

13:03 - 22 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: تیمێکی هەکێر کە گومان دەچێت سەر بە ڕێژیمی ئێران بێت، هێرشە سایبێرییەکانی خۆیانیان بۆ سەر زانکۆکانی سەرتاسەری جیهان دەست پێکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "زێد دی نێت"، تیمی هەکی سایبێریی "کباڵت دیکێنز"، ئەو هێرشە سایبێرییانەی کردووە. ناوی ئەو تیمە هەکێرییە لە مانگی ئووتی ساڵی ٩٧دا و پاش هێرشە سایبێرییەکانیان بۆ سەر زانکۆکانی ١٤ وڵاتی دنیا، بۆ دزینی زانیارییەکان کەوتە سەر زمان.

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا لە مانگی مارسی ڕابردوودا، ٩ کەسی ئێرانیی ئەندامی ئەو تیمەی، بە تۆمەتی دزیی سایبێری بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران، خستبووە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە، بەو حاڵەشەوە، وادیارە ئەو هەوڵە کاریگەرییەکی لەسەر چالاکییەکانیان دانەناوە و هێرشە ئامانجدارەکان بەردەوامە.

شیرکەتی ئەمنییەتی زانیاریی "CTU"، لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا وتوویەتی کە ئەم گرووپە لە درێژەی مانگەکانی ژووییە و ئووتدا، هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە ٦٠ زانکۆی جیاواز، لەوانە وڵاتگەلی ئوسترالیا، ئامریکا، کانادا، هۆنگ کۆنگ، سوئیس و بریتانیا.