کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە

12:12 - 23 رەشەمه 2721

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر بە "توندی" مەحکووم کرد و ئەو هێرشەی وەکوو هەنگاوێکی "جینایەت ئاژۆ" وەسف کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە "جەک سالیوان" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا وتبووی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین تا سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر هەڕەشەی دەرەکیدا کارا بکرێ.

لەو پەیوەندییەدا "مستەفا کازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی توییتێک ئەو هێرشەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی بە "هێرش بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی عێراق" وەسف کردبوو.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاردانەوە بەو هێرشانەی سپای تێرۆریستی پاسداران، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە عێراقی بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتی ئەو وڵاتەی لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا پێ ڕاگەیاند.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، سپای تێرۆریستی پاسداران ڕێژیمی ئێران بە ١٢ مووشەکی بالستیک چەندین شوێنی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.

دوا بەدوای هێرشەکە سپای تێرۆریستی پاسداران بەرپرسیاریەتی هێرشە مووشەکییەکەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند ئەو هێرشە لە کاردانەوە بە کوژرانی دوو ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە بووە.