
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران هێرشیان کردە سەر "عەلی حەسەن بەهامین" چالاکێکی سێنفیی مامۆستایان لە یاسووج و دژایەتی و تێکهەڵچوونی خەڵک بووە هۆی ئازادکرانی ناوبراو.
دوانیوەڕۆی دووشەممە ئەو چالاکە سێنفییە دەسبەسەر و ڕەوانەی بنکەی سپای فەتحی پارێزگا کرا و دواتر مامۆستایان لەبەر دەرکی بنکەی سپا کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. ناڕازییان تا ئێوارە لە شوێنەکە مانەوە و وتیان کە کاتژمێر ١٠ی ڕۆژی دواتر دیسان لە شوێنەکە کۆ دەبنەوە.
شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران پشتیوانیی خۆی لە چالاکە سێنفییەکانی مامۆستایان دەربڕیوە و داوای ئازادیی "عەلی حەسەن بەهامینـ"ـی کردووە.
لەو پەیوەندییەدا ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی شاری سنە و کەڵاتەرزان و هەروەها ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی فارس و ڕێکخراوی مامۆستایانی شاری "بوشێهر"هێرشی بێشەرمانەی هێزە نیزامییەکانیان بۆ سەر دوکتور عەلی حەسەن بەهامین و دەسبەسەرکردن و بێ حورمەتی بە ناوبراویان مەحکووم کردووە و ئەو کارەی هێزە نیزامییەکانیان بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا باوەکان و دروستکردنی ترس و تۆقاندن زانی و هەڕەشەی کاردانەوەی توندیان لە ئەگەری دووپاتکردنەوەی ئەو شێوە هەڵسوکەوتانە لەگەڵ مامۆستایان کرد.