ڕێباز
هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین هەموو ڕوانگە و خوێندنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەعریفی، سەربازی و ... هتدەکانی لە ڕەوتی ئاسایی خۆی گۆڕی بۆ جۆرێک خوێندنەوەی ڕادیکاڵ و توندئاژوانە.
هێرشی ڕووسیە لە دوای حەفتا ساڵی شەڕی دووهەمی جیهانی و ئەزموونەکانی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، بەو شێوە دڕندانەیە بە ڕاستی ڕوانگەی لایەنگران و دژبەرانی ڕووسیەی سەبارەت بە مەترسییەکانی داهاتوو گۆڕی. لەو دنیا مۆدێڕنەدا کە دیپلۆماسییەت لە ئەوپەڕی گەشە دایە بە ڕاستی سەرهەڵدانی شەڕ و دیاردەی توندوتیژی خوێندنەوەی قووڵ و هەمەلایەنی دەوێ.
"گیدێنز" دەڵێت: " شەڕ کاتێک ڕوو دەدات کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دەوڵەتدا، وتووێژ و دیپلۆماسی نەتوانێ هۆکاری چارەسەر بێ" (۳۸۳-۱۳۷٦ ). کاتێک سیاسەت بگا بە بۆنبەست شەڕ و پێکدادان سەر هەڵدەدات.
بە گشتی شەڕ درێژەی سیاسەتە؛ بەڵام بە شێوەیەکی دیکە. بۆچوونی زۆر سەبارەت بە شەڕ هەیە. "کارڵ فۆن کلاسویتس" بیرمەندی ئاڵمانی دەڵێت: " شەڕ ئاکارێکی تۆخی سیاسی نییە، بەڵکوو کەرەسەیەکی سیاسی ڕاستەقینەشە و ،،،" (۱۳۷٦- ۳۸۴ ). پوتین هەموو بۆچوون و بیرۆکە سیاسییەکانی لەسەر شەڕ تێکدا. ناوبراو هاوکات دیپلۆماسی دەکات و ماڵوێرانیش دەکات، هۆشداریی هێرش دەدات و دایینگە و نەخۆشخانەکانیش بە سەر ژن و منداڵەکاندا دەڕووخێنێ.
سیاسەتی لەو چەشنە ناتوانێ ڕواڵەتی پوتین جوان بکات و بیروڕای گشتی بگۆڕێ. هێرشی ڕووسیە شۆک و سیخوڕمەیەکه لە مۆدیڕنیزم و دێموکراسی. ئاکامی ئەو هێرشە کاریگەریی نەرێنی و نێگاتیڤ لەسەر بەرەی دێموکراسی دادەنێ.
کاتێک زلێنسکی دەڵێت هەزاران سەربازی ڕووسیەمان کوشتوە ئاشتیخوازان و بەرەی دێموکراسی خۆشحاڵی دەردەبڕن و چەپڵە دەکوتن. ئەو شەڕە لەو ناوچە فێدراتیو و پێشکەوتنخوازەدا زۆر مەترسیدارترە لە ناوچە دواکەوتووەکان. بەهۆی مۆدێڕنبوونەوەی ئەرتش و چەکەمەنییەکانەوە کوشتار و وێرانکارییەکان بەربڵاوترن. بێجگە لە ئەرتش بەدەنەی دەوڵەت و خودی سەرکۆماریش بەشداریی شەڕ دەکەن. خەڵکانی خۆبەخش لە دەرەوە و نێوخۆ بە ژن و پیاوەوە لە دژی ڕووس ڕاوەستاون. دنیای ڕۆژاوا هەر چەند بە ڕواڵەت بەشداری شەڕ نین بەڵام یارمەتییە ماڵی و لۆجستییەکان بە ئاشکرایە و تەنانەت میدیایی دەکرێتەوە.
جوڵانەوە ئازادیخوازەکان لە ئێستادا ڕێبەرانی بوێر و بەجەرگ و خەڵکی دەوێ. ڕێبەرانێک کە لە گەندەڵییەوە تێوەنەگلابن. هەر سەرکردە ڕێبەر و سەرکۆمارێک چەشنی زلێنسکی تێکەڵ بە خەڵک و شەقام و جەماوەر نەبێ بێگومان مۆڵەت نامێنی و ئیکسپاێر دەبێ. زلێنیسکیزم بۆ ڕێبەران و سەرکردەکان له ڕۆژاوا بووەتە قوتابخانە. لە جیهاندا ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە زۆر بوون و هەن بەڵام بۆ ئورووپایەک کە چەند دەیەیە لە شەڕ دابڕاوە و دێموکراسی حکوومەت دەکات بە ڕاستی ڕادیکاڵیزم هەم جێی خۆشحاڵییە و هەم جێی مەترسی. خۆشحاڵییەکە لەوەدایە کە بوێرانە وڵامی هێرشەکەی ڕووس دەدەنەوە و مەترسییەکەش ئەوەیە کە کولتووری شەڕ و میلیتاریزم لەنێو هەناوی مۆدێڕنیزم و دێموکراسیدا جارێکیتر چەکەرە دەکاتەوە.
کاتێک مەترسی و پرسی نائەمنی لە ئارادا بێ بوودجە سەربازی و لۆجستییەکانی دەوڵەتان زیاتر دەبێتەوە، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە چەشنی ناتۆ و ،،، توندوتۆڵ دەبنەوە و هتد،،،
بۆ کوردیش پێویستە پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتەکانیدا بکاتەوە. لە جیاتی هێزی حیزبی لە پارچەکانی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان درووست بکرێ، لە جیاتی دەستێوەردان، سەر کێشانە حەوشەی یەکتر و درووستکردنی حیزبی دەستنیشانکراو بۆ پارچەکانیتر، هاوکاری و هاوپێوەندیی نێوان ئەحزابی پارچەکان درووست ببێ. بە ڕاستی هەڕەشەکانی سەر هەرێم بەهۆی هێزمەندیی دیکتاتۆرەکانەوە نییە بەڵکوو بەهۆی لاوازی و شپرزیی نێو ماڵی کوردە. ڕێبەرانی کورد دەبێ پێوەندییەکانیان چڕوپڕتڕ لە جاران زیندوو بکەنەوە و میکانیزمی نوێ و گشت پەسەند بۆ خەباتەکەیان فۆرمۆلیزە و ئەندازیاری بکەن.
سەرچاوەکان؛ گیدێنز، آنتونی .جامعە شناسی. ترجمە منوچهر صبوری
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.