کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەردەوامە

11:22 - 16 رێبەندان 2720

ئیسرائیل لە نوێترین هەوڵی خۆیدا دژ بە ڕێژیمی ئێران هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی "قۆنەیتەرە".

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە نیوەشەوی ١٥ی ڕێبەندانەوە هەتا بەرەبەیانی ١٦ی ڕێبەندان چەندین هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" و بنکەکانی "حیزبوڵڵا" سەر بە ڕێژیمی ئێران.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە ڕایانگەیاندووە کە سیستمی پەدافەندی هەوایی سووریە وڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە کە ناوچەی باشووری سووریە و بە شێوەی دیاریکراو ناوچەی "قۆنەیتەرە"ی کردبووە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە ڕاپۆرتە خۆجێیەکان لە سووریە باسیان لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دەمشق و هەروەها بنکەکانی حیزبوڵڵا لە "قەنیتەرییە" کردووە.

هەندێک لە هەواڵدەرییەکانی سووریە باسیان لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل دژ بە بنکەکانی ڕێژیمی سووریە و گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کێوەکانی "ئەلکیسوە" لە ڕۆژئاوای "دەمیشق" کردووە.

هەروەها ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەواڵی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیلی پشتڕاست کردووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا بەرپرسانی ئیسرائیلی تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە و هیچ ڕایەکیان دەرنەبڕیوە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی چڕتر کردووەتەوە.